لەبارەی دۆسیەی نەوت رێككەوتن لە نێوان هەولێر- بەغدا كرا، بەفەرمی هەردوو وەزارەتی نەوت واژوویان كردووە و هەناردەكردنەكە بەگوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئابی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق، لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت رێككەوتن، كۆنووسی رێككەوتنەكەش لەلایەن زیاتر لە 20 كەسایەتی شاندی هەردوولا واژوو كراوە، كە 17 كەسیان ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون.
بەپێی رێككەوتنەكە، هەناردەكردنەكە بەگوێرەی بەرهەمی رۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گل دەدرێتەوە، بەرهەمەكەی تر بۆ هەناردەكردن رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت.
ئاماژە بەوەش كراوە، كۆنووسی رێككەوتنەكە لەلایەن 17 ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵ و پێنج ئەندامی شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان واژوو كراوە، ئێستاش شاندەكەی فیدراڵ گەڕاونەتەوە بەغدا.