ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە بەغدا دەکات پێشنیازەکەیان بکاتە "بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەکان کە پشتبەستە بە یاسا فیدراڵییەکان و بڕیاری دادگای فیدراڵی."
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تاوتوێی چەند پرسێکی کرد لەنێویندا، هەردوو دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و تاوتوێکردنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد، پێشنیازەکەیان بکاتە بنەما "بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتی داهاتە نانەوتییەکان کە پشتبەستە بە یاسا فیدراڵییەکان و بڕیاری دادگای فیدراڵی، تاوەکو چیدیکە نەبێتە ئاستەنگی بەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم."
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی سامانە سرووستییەکان راسپێردرا "بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتە هەڵپەسێردراوەکان و لابردنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک."
ئەنجوومەنی وەزیران جەختیکردەوە، پشتیوانی لە هەر راسپاردە و بڕیارێک دەکات لە بەرژەوەنديی هێزەکانی پێشمەرگە بێت، بە ئاراستەی باشترکردنی مووچەی خانەنشینی و شایستەداراییەکانیان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران، "وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد بۆ ئەوەی بە زووترین کات مووچەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە خەرج بکات کە دواکەوتووە."
لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا لێخۆشبوونی پێشینەی هاوسەرگیری، قەرزەکانی (خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و نیشتەجێکردن و گەشتیاری) تاوەکو 31-12-2025 بەردەوام بێت.