ئاشکرابوو داعش نەیکوشتون لەسەر شەڕەف بووە


 

ئابڕووچوونێكی پۆلیسی فیدرال.. كوشتارگەكەی كەركووك لەلایەن داعشەوە نەكراوە
ە چواری ئەم مانگە لە شارەدێی رەشاد لە كەركووك 15 ئەندامی پۆلیسی فیدرالی عێراق لە هێرشێك كوژران، ئەوەی هاتە راگەیاندن هێرشەكە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بووە و كەسیش بە فریای ئەو هێزە نەكەوتووە، ماڵپەڕێكی بەریتانی نهێنی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە ئاشكرا دەكات.
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی "میدل ئیست"ی بەریتانی، لێكۆڵینەوەكانی لەسەر بنەمای قسەی كارمەندانی تەناهی و بەرپرسانی مەیدانی لە سنووری پارێزگای كەركووك و بەغدایشەوە كراوە، جیاوازە لەگەڵ چیڕۆكی فەرمی ئەوكات كە هاتە راگەیاندن، بەوەی ئەوانە بەهۆی هێرشێكی داعشەوە كوژراون، ئەوەی رووی داوە شاردنەوەی راستی رووداوەكەی ئەو شەوە بووە لەلایەن ئەفسەرانی هێزە تەناهی و سەربازییەكان و خستنە ئەستۆی رووداوەكە بۆ سەر داعش.
بەپێی زانیارییەكان ئەو هێرشە لەلایەن گوندنیشنەكانەوە ئەنجام دراوە، وەك تۆڵەسەندنەوەیەك بۆ رووداوێكی دەستدرێژی سێكسی لەلایەن ئەفسەرێكی پۆلیس لەو بنكە تەناهییەوە، ئەو زانیاریانەی باسی دروستبوونی شەر دەكەن راست نییە و نۆ لەوانەی كوژراون لە خەودا بوونە، چونكە هیچ لە پاسەوانانی بنكەكە باسی هێرشی بۆ سەریان یان داوای بەهاناچوونیان نەكردووە، دوای سەردانی بۆ لێكۆڵینەوە دەركەوتووە فیشەك و تەقەمەنییەكان وەك خۆی بووە و دەستی لێ نەدراوە. 
بەپێی ئەوەی كامێرای حەراری لە شەوی هێرشەكە گرتوویەتی، ئەو نۆ كەسە و كارمەندی بەرپرس لە چاودێریكردنی ناوچەكە بە كامێرا ئەوەیش خەوتبوون، بۆیە ئەوان لە ئەنجامی كەمتەرخەمی كوژراون نەك نەمانی كەرەسەتەی جەنگ، هێرشەكەیش لەلایەن شەش چەكدارەوە بووە و بە پێ لە شوێنەكە نزیك كەوتوونەتەوە، هێزەكان لە دوورەوە بە هێرشەكەیان زانیوە و لەكاتی رەوانەكردنی هێز بۆ بنكەكە بۆمبی چێنراویان پێدا تەقیوەتەوە و سێی تریان كوژراون و شەشیش بریندار بوونە، هێزی تر هەوڵی چوونیان داوە، ئەوانەیش بەهۆی بۆمبی چێنراوەوە گەڕاونەتەوە. 
وەك ماڵپەڕەكە ئاماژە دەكات، بەر لە سێ رۆژ لە هێرشەكە، كچێكی رواڵ مەڕوماڵاتی لە شوێنێكی نزیك لەو بنكە تەناهییە لە شارەدێی رەشاد لەوەڕاندووە، دوو پاسەوانی ئەو بنكە بینیویانە بە تەنیایە، بۆیە بردوویانە و بە نۆرە دەستدرێژی سێكسیان كردووەتە سەر، ئەوانەی هێرشەكەیان ئەنجام داوە برا و ئامۆزاكانی ئەو كچە بوون، چونكە ئەوان ناسنامەی ئەو دوو پاسەوانەیان زانیوە، جگە لە دووی تر كە تاوانەكەیان شاردووەتەوە، بۆیە لە هێرشەكە ئەو چوارە جیا كرابوونەوە.
ئەفسەرێكی عێراقی بە ماڵپەڕەكەی گوتووە، سەر و ئەندامی زاوزێی ئەو دوو پۆلیسەی تاوانەكەیان ئەنجام دابوو بڕدرا بوو، دوو پۆلیسەكەی تریش كە تاوانەكەیان شاردبووەوە لە كاتی نوستنیان كوژرا بوون و سەری یەكێكیان بە بەرد خاپوور كرابوو، هاوكات ئەوان نەیانویستوە پێنج پۆلیسەكەی تر بكوژن، بەڵام كارەكەیان لەدەست دەرچووە، چونكە یەكێك لە هێرشبەرەكان توڕەیی بەسەر زاڵ بووە و تەقەی لەوانیش كردووە.
بەپێی ماڵپەڕەكە هێزە تەناهییەكانی عێراق دوای رووداوەكە هەڵیان كوتاوەتە سەر گوندی هێرشبەرەكان، بەڵام گومانلێكراوەكان هەڵاتبوون، جیا لەوەیش كچەكە و خێزانەكەی بڕیاریان دابوو سكاڵا لە دژی پۆلیس تۆمار نەكەن، دوای هێرشەكە فەرماندەیی فرقەی پێنج و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی هاوبەش فەرمانیان دەركرد بە خستنە ئەستۆی هێرشەكە بۆ سەر داعش، وەك ئەفسەرانی كەركووك و بەغدا بەو پێگە بەریتانییەیان راگەیاندووە. 
بەپێی ماڵپەڕەكە ژمارەیەكی زۆری ئەو هێزانەی نەیانتوانی بەهانای ئەو بنكە تەناهییەوە بچن، ئێستە لە بەغدا گیراون، ژمارەیەك لە فەرماندەكانی ئەو هێزانەیش تۆمەتیان پێوەست بە بێتوانایی و كەمتەرخەمی لەكاتی هێرشەكە ئاراستە كراوە، لەپاڵ ئەوەی رووی داوە، پۆلیسی فیدرال تا ئێستە ددانی بە رووداوی دەستدرێژی سێكسییەكە نەناوە، تا ئێستە لێكۆڵینەوە لەلایەن هەواڵگری و نووسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە بەردەوامە و پێش ناچێت دداننانی فەرمی هەبێت.
هێزەكانی پۆلیسی فیدرال، كە زیاتر لە میلیشیا شیعەكانەوە نزیكە، لە جەنگی دژ بە داعش رۆڵی گەورەیان لەپاڵ هێزەكانی دژە تیرۆری عێراقیدا هەبوو، بەڵام ئێستە كە جەنگەكە نەماوە، بە تەواوەتی فەرامۆش كراون و شپڕزەییەكی گەورە بەو هێزەوە دیارە، جیا لەو گەندەڵییەی كە هەیە. ئەفسەرێكی پۆلیسی عێراق ئاماژە دەكات كە لە میانی بەسەركردنەوەی شەوانە بۆ هێزەكان دەركەوتووە كە زۆرینەی ئەو كارمەندانەی لە ئەركدان، یان نوستون یان خەریكی مۆبایلەكانیانن، بۆیە نوستن بۆ ئەوان بووەتە هۆكاری كوشتنیان.           


أحدث أقدم

نموذج الاتصال