بەپەلە هێرشکرایە سەر پێشمەرگە لە میحوەری کەرکوک


 راگەیەندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە  


ئەمشەو 30ی ئۆکتۆبەری 2021، لە ئەنجامی پەلامارێكی ترسنۆكانەی تاریكپەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی لیوای 10ی پیادە لە سنووری شارۆچكەی پردێ، لە ساتی راوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای 10ی پیادە وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی (خالید حەمید ھەیاس، ئاکۆ کەریم قادر) شەهید بوون.


پرسە و سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەكەین و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمان بۆ خانەوادە و هاوسەنگەرانی دووپات دەكەینەوە.


بە خەڵكی كوردستان رادەگەیەنین، وەك هەمیشە هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریكردن لە خاك و خەڵكی كوردستان.


لە کاتێكدا، چەندین جار هۆشداریمان داوە لەسەر خۆڕێكخستنەوەی شانە نووستووەكانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان، بەم كارە چەپەڵ و ترسنۆكانەشیان ناگەنە هیچ ئامانجێك و بە بازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵ دەكەینەوە، ئەمەش بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ  و سوپای عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش.


نەمری بۆ شەهیدان

سەربەرزی بۆ خانەوادەكانیان


وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

30ی 10ی 2021

أحدث أقدم

نموذج الاتصال