هۆشیار زێبارى ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى رایگەیاند، لەدواى نەمانى رێککەوتنى ستراتیژى نێوان حزبەکەى و یەکێتى زۆ شت گۆڕاوە، پاکێجی بەغدا بەرامبەر کوردستان نییە.
زێبارى ئەمڕۆ پێنج شەممە لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵى "رووداو" وتى "دەبێت کورسی و دەنگی پارتی لەبەرچاو بگیرێت، پاکێجی بەغدا بەرامبەر کوردستان نییە".
وتیشى "دوو هەفتەی تر دەردەکەوێ خۆم بەربژێر بکەم بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، تاوەکو ئێستا ئەو پردەمان تێنەپەڕاندووە، گەیشتووینەتە سەری پردەکە بەڵام هێشتا لێی دەرباز نەبووینە. ئەم پرسە دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ".
زێبارى باسى لەوەشکردووە، پێداچوونەوەی حزبی دەکەن بە ئەنجامەکان، بۆ ئەوەى بزانن لەکوێ شکستیان هێناوە "لە هەڵبژاردنی کوردستان یەک دەبینینەوە".
دەشڵێت "ئێمە باش لە سیستمی هەڵبژاردن تێگەیشتووین و راوێژی نێو دەوڵەتیمان هەیە".
لەبارەى دانوستان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان، زێبارى وتى "لەو بڕوایەدا نیم نەوەی نوێ بە تەواوەتی رەتیکردبێتەوە، نەخێر. دانوستاندن هەیە، ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە کردوومانە، تەنانەت لەگەڵ کۆمەڵی دادگەریش. هیچ کێشەیەکمان نییە. لەگەڵ یەکگرتوو لایەنەکانی دیکە، تەنانەت ئەوانەی دەریش نەچوونە، وەکو حیزبی شیوعی کوردستان، وەکو کۆتاکان، وەکو نوێنەرانی تورکمان، مەسیحی، کلدوئاشوور ئەمانە هەموویان دەبینین".