لەدوای پەیوەندی تەلەفۆنی مەسرور بارزانی گەنجانی دەستگیرکراوی پارتی لە کەرکوک ئازادکران


 

لەبارەی دۆخی کەرکووک و دەستگیرکردنی زیاتر لە 100 گەنجی کورد لە کەرکووک، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا و رایانگەیاند "نابێت رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک بدرێت کە ئاژاوە و پشێوی دروستبكەن و زیان بە دانیشتووان و موڵک و ماڵی گشتی بگات."

بەپێی راگەیێنراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 13-10-2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی کەرکووک کراوە کە لە دوای سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن "لە لایەن هەندێک کەسەوە هەوڵی نانەوەی پشێوی درا بە ئامانجی شێواندنی سەرکەوتنی پرۆسەی دەنگدان." 
 
بەپێی راگەیێنراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "نابێت رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک بدرێت کە ئاژاوە و پشێوی دروستبكەن و زیان بە دانیشتووان و موڵک و ماڵی گشتی بگات."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە، پێویستە بە زووترین کات کۆتایی بەو "دۆخە ئەمنییە نەخوازراوە" بهێنرێت کە لە کەرکووک دروستکراوە.
 
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاریدا هەموو دەستگیرکراوەکانی کەرکووک ئازاد بکات.
 
لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا لە کەرکووک دەیان گەنجی کورد دەستگیرکران و ئەشکەنجەدران. بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کردووە  و داوای کردووە دۆخەکە ئاساییبکرێتەوە. پۆلیسی کەرکووکیش دەڵێت، گەنجەکان ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن.
شەوی رابردوو بەشێك لەو گەنجانەی دەستگیرکرابوون ئازادکران، د. محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک راگەیاند،36 کەس لە بنکەی پۆلیسی ئازادیی کەرکووک ماون و دوو کەسیش لە بنکەی پۆلیسی رەحیماوا ماون و دەستگیرکراون. واتە 38 کەس لەلای هێزە ئەمنییەکان ماونەتەوە
شەوی دووشەممە 11-10-2021 لیوای 61 چوونە گەڕەکی رەحیماوا و 10 کەسیان دەستگیر کرد و دواتر بە کەفالەت ئازاد کران، بەڵام لە بەیانیی رۆژی سێشەممە 12-10-2021 لە فولکەی ئیخوان بڵاوەیان بە هێز کرد و شەقامە سەرەکییەکەیان داخست. هەروەها دواتریش لە ئێوارەی هەمان رۆژ چەند بازگەیەکیان دانا و 71 گەنجیان دەستگیر کرد و مۆبایلیان لە بەشێکی خەڵکیش وەرگرتووە.
 
هەروەها مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی دۆخی کەرکووک رایگەیاند، بە نیگەرانییەوە لەو دۆخە نەخوازراوە ئەمنییەی كەركووك دەڕوانێت كە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا دروستكراوە و گوتیشی "لە ھیچ لایەنێكی قبووڵ ناكات درێژە بەم جۆرە رەشبگیرییە بدات".


أحدث أقدم

نموذج الاتصال