بڕیارە سبەی دووەم دیداری ئاشتی و ئارامیی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە شاری دھۆک بەڕێوە بچێت و، رێکخەرێکی دیدارەکەش دەڵێ، لەسەر ئاستی باڵا بەرپرسانی ھەرێم و بەغدا بەشداریی دیدارەکە دەکەن.
ھەڵمەت کێستەیی، لە راگەیاندنی زانکۆی ئەمریکی- دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، سبەی دووشەممە زانکۆی ئەمریکی- دھۆک دووەم دیداری خۆی لە ژێر ناوی ئاشتی و ئارامیی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەست پێدەکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، لە رۆژی یەکەمدا ژمارەیەک کۆبوونەوەی داخراو بۆ تاووتوێکردنی ژمارەیەک بابەت بەڕێوە دەچن و رۆژی سێشەممە و چوارشەممەش بە ئامادەبوونی میوانانی دیدارەکە، تەوەرەکان دەخرێنە ڕوو.
بەرپرسەکەی راگەیاندنی زانکۆی ئەمریکی دەڵێت، سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراق و چەندین بەرپرس و پسپۆڕ بەشداریی دیداری ئەمساڵ دەکەن، چونکە ئەمە دووەم دیدارە لە زانکۆی ئەمریکی- دھۆک بەڕێوە دەچێت.
کێستەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، رەوشی ھەرێمی کوردستان دوای شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش و رەوشی عێراق و ھەرێمی کوردستان دوای ھەڵبژاردنەکان، لەلایەن بەرپرسانی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە دەبنە مژاری دیدارەکە و تاووتوێ دەکرێن.