په‌كه‌كه‌ "رێبه‌ری توندوتیژی" به‌سه‌ر قوتابیان و خوێندكارانی خۆپیشانده‌ردا دابه‌ش ده‌كه‌ن


 


ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ لایه‌نگرانی پارتی كرێكارانی كوردستان(په‌كه‌كه‌) له‌ ژێر ناوی "ته‌ڤگه‌ری ئازادی" رێبه‌رێكی سووریان بۆ ئاراسته‌كردن و فێركردنی شێوازی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، خۆ مۆڵدان، ئاماده‌كاری، رێكخستن و ته‌نانه‌ت پاره‌داركردنی خۆپیشانده‌ران ئاماده‌ و چاپ كردووه‌ و به‌سه‌ر ئه‌و قوتابی و خوێندكارانه‌دا دابه‌شی ده‌كه‌ن، كه‌ بۆ هه‌ندێك داواكاری په‌یوه‌ست به‌ بژێوی ژیانیان خۆپیشاندانیان كردبوو.
وه‌ك له‌ رێبه‌ره‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێكراوه‌ و دوو ناوی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ نامیلكه‌یه‌كیان به‌ ره‌نگی خوێن چاپ و بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا به‌ زمانێكی ساده‌ هه‌وڵده‌ده‌ن قوتابی و خوێندكاران هانبده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ببنه‌وه‌ و "تێكشكێنه‌ر" بن.
له‌ پێشه‌كی نامیلكه‌كه‌دا هاتووه‌: "هه‌ر جارێك ده‌چینه‌ خۆپیشاندانێك به‌ هه‌مان رێگه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌چینه‌وه‌ و به‌ راده‌یه‌ك جووڵه‌كانمان دووباره‌ن، باش ده‌زانین كۆمه‌ڵێك شه‌هیدی تر ده‌ده‌ین و هه‌ر وایش بووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ ئاستی عه‌مه‌لی و واقیعدا داخوازییه‌كانمان جێبه‌جێ ناكرێن و وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه‌". لێره‌دا به‌ روونی ئاماژه‌ بۆ ئاراسته‌كردن و دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی خۆپیشاندان كراوه‌، كه‌ وه‌ك له‌ ئاماژه‌كانی سه‌ر به‌رگدا ده‌رده‌كه‌ون، ناوی لێنراوه‌ "شۆڕش" و رشتنی خوێنی زیاتر.

 

له‌ لاپه‌ڕه‌ی 11ی نامیلكه‌كه‌دا، هه‌ردوو نووسه‌ری نه‌ناسراو هه‌وڵیانداوه‌ گه‌نجان به‌ تایبه‌تی قوتابیان و خوێنكاران هانبده‌ن و ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی و هه‌ڵبژێردراو به‌ نه‌یار و دژ به‌ داوای خۆپیشانده‌ر وه‌سف بكه‌ن و نووسیویانه‌: "هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا ده‌كات و به‌ كه‌سانێكی هه‌ژمار ده‌كات، كه‌ له‌ كۆنترۆڵ ده‌رچوون و ده‌بێت كۆنترۆڵ بكرێن، چ له‌ رێی ئازاردانیانه‌وه‌ بێت به‌ گازی فرمێسكڕێژ و تێڵا، چ له‌ رێی ده‌ستگیركردنیانه‌وه‌ بێت، چ له‌ رێی بڵاوه‌پێكردنیان و چ له‌ رێی كوشتنیانه‌وه‌ بێت".
لاپه‌ڕه‌ی 13ی نامیلكه‌كه‌دا خوێنه‌ر هاندراوه‌ بیر له‌ درووستكردنی رێكخستنی نایاسایی و ده‌رچوو له‌ یاسا بكاته‌وه‌ و نووسراوه‌: "خۆ رێكخستن یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و پێویسته‌ هاووڵاتیانی به‌شداربوو به‌شێوازی پێكه‌وه‌یی و به‌ سینگێكی فراوانه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر بكه‌ن و به‌ هه‌ماهه‌نگییه‌وه‌ تۆڕێكی فراوانی رێكخراو درووست بكه‌ن. هه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای خۆڕێكخستن و ئاگاییه‌كی پته‌و بنیات بنرێت، ده‌توانێت به‌ شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر خواست و داواكانی بباته‌ سه‌ر".

ئه‌و گرووپه‌ی رێبه‌ره‌كه‌یان ئاماده‌ كردووه‌، به‌وه‌نده‌ نه‌وه‌ستاون و داوایان كردووه‌، "به‌شداربووانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كه‌ هه‌ریه‌كه‌ و بوار و به‌هره‌ و توانای خۆی به‌ شێوازی داهێنه‌رانه‌ و به‌ بێ ترس جێبه‌جێ بكات و ده‌كرێت چه‌ندین گرووپی جیاواز درووست ببێت، كه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ هه‌مه‌ڕه‌نگ بكه‌ن"، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ لاپه‌ڕه‌ 13دا هاتووه‌.
لاپه‌ڕه‌ 14 و 15دا رێبه‌ره‌ سووره‌كه‌، هانی گه‌نجان ده‌دات، بۆ خۆپیشاندان مۆڵه‌ت وه‌رنه‌گرن و  تێیدا هاتووه‌: "مۆڵه‌تی خۆپیشاندان، یه‌كێكه‌ له‌ بیانووه‌ به‌هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی حوكمڕان له‌ به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌راندا، سه‌ره‌كیترین پرسیار كه‌ ده‌كرێت بریتییه‌ له‌وه‌ی ئایا پێویستم به‌ مۆڵه‌ت هه‌یه‌ بۆ رێكخستنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كی جه‌ماوه‌ری؟، به‌ كورتی و كورمانجی: نه‌خێر، چونكه‌ تۆ له‌ بنه‌مادا له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ تووڕه‌یت، كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ گه‌نده‌ڵی ده‌كات و مافه‌كانی خه‌ڵك ده‌خوات و ده‌یانچه‌وسێنێته‌وه‌، بێگومان مۆڵه‌تیش به‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ك نادات، كه‌ له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی بێت و هه‌ڕه‌شه‌ بێت".

هه‌روه‌ها نووسیویانه‌: "ناڵاه‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان ده‌بێت به‌ بێ مۆڵه‌ت و خۆڕسكانه‌ به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی رێكخراو  سه‌رپێ بكه‌ون و هه‌موو كایه‌كانی له‌ لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ به‌ ڕێوه‌ببرێن
لاپه‌ڕه‌ی 23 و 24دا رێبه‌ره‌ سووره‌كه‌ رێكاری بێكاریگه‌ر كردنی گازی فرمێسكڕێژ و رێكاره‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كات و گه‌نجان هانده‌دات سوود له‌ ئامێر و كه‌رسته‌ی تایبه‌ت وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی رێكاره‌ ئه‌منییه‌كان ببنه‌وه‌.

ئه‌و گرووپه‌ په‌كه‌كه‌ییه‌، له‌ لاپه‌ڕه‌ 25ی نامیلكه‌كه‌دا هانی خۆپیشانده‌ران ده‌ده‌ن، پرۆژه‌ی پاره‌داركردنی خۆپیشاندانه‌كه‌یان رێكبخه‌ن و بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ی به‌ نموونه‌ی خۆپیشانده‌رانی هۆنگ كۆنگ كردووه‌، كه‌ كه‌مپینیان كردووه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ پاره‌ به‌ مه‌به‌ستی سه‌رخستنی خۆپیشاندانه‌كه‌یان و بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ میدیای جیهانییدا. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ خۆپیشاندان به‌ گوێره‌ی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ واده‌ی ده‌ستپێك و كۆتایهاتنی دیاریكراو بێت و له‌ هه‌رێمی كوردستان هیچ پێویستییه‌ك بۆ پاره‌داركردنی خۆپیشاندان و رێكخستنی كه‌مپین بۆ پاره‌ كۆكردنه‌وه‌ له‌ ئارادا نه‌بووه‌.
لاپه‌ڕه‌ 27ی رێبه‌ره‌كه‌دا، باس له‌ درووستكردنی جۆره‌كانی قه‌ڵغان و چه‌ند كه‌رسته‌یه‌كی دیكه‌ كراوه‌ له‌ لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش 6 جۆری درووستكردنی قه‌ڵغانی روون كردووه‌ته‌وه‌، له‌ كاتێكدا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ هۆی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سرووشتی جوگرافییه‌وه‌ زۆرێك له‌ كارمه‌ندانی پۆلیس و چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان هه‌ر كه‌سوكار و خزم و دۆست و هاوڕێی خۆپیشانده‌رانن و ئه‌و كارمه‌نده‌ ئه‌منیانه‌ی پارێزگاری له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن خۆیان به‌ دڵسۆز و په‌رۆش بۆ ژیان و سه‌لامه‌تی خۆپیشانده‌ران ده‌زانن.


أحدث أقدم

نموذج الاتصال