لە شنگال شەڕ لە نێوان سوپای عێراق و چەکدارانی پەکەکە روویدا


 لە شنگال لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان سوپای عێراق و چەکدارانی یەپەشە تانکێکی سوپای عێراق سووتێندرا و دوو کەسیش بریندار بوون

ئیزدین شەمۆ، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناحیەی سنوونێ لە قەزای شنگال راگەیاند: "پەکەکە ژمارەیەک هاووڵاتی هێناوەتە سەر شەقام لە ناحیەی سنوونێ کە زۆرینەیان ئافرەت بوون و رێگرییان لە هێزێکی سەر بە سوپای عێراق کرد، کەمێک پێش ئێستا شەڕ لە نێوان سوپای عێراق و چەکدارانی سەر بە پەکەکە دروست بوو و ئێستا دۆخی ناحیەی سنوونێ زۆر ئاڵۆزە و تاوەکو ئێستاش دەنگی تەقە دەبیسترێ".

گوتیشی: "بە هۆی ئەو شەڕەوە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەنێو دانیشتووانی ناحیەی سنوونێ دروست بووە، هەر ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی سوپای عێراق لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە هێرشی کراوەتە سەر و سووتێندراوە".

لای خۆیەوە پەیجی فەرمی (دژەتیرۆری کوردستان) لە تۆری کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاویکردووەتەوە: لە ئاکامی رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی یەپەشە و سوپای عێراق لە دووڕێیانی سنوونێ لە قەزای شنگال، تانکێکی سوپای عێراق سووتێندرا و دوو خۆپیشاندەریش بریندار بوون.

ئاماژە بەوەش دراوە کە دوابەدوای ئەو ئاڵۆزییانە، رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی لە نێوان چەکدارانی یەپەشەی سەر بە پەکەکە و سوپای عێراق دروست بوو، بەهۆیەوە سوپای عێراق پاشەکشەی کرد.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال