روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگه‌یاند، چەکدارانی داعش زیندانی غوێرانیان له شاری حه‌سه‌كه کۆنترۆڵ کردووه و شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌خت له نێوان چه‌كدارانی داعش و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات له‌و گه‌ڕه‌كه به‌رده‌وامه.
وه‌ك روانگه‌كه ئاماژه‌ی پێدا، له‌و شه‌ڕ و ئاڵۆزیانه‌دا 41 كه‌س كوژراون، له‌ناویان 20 شه‌ڕڤانی هه‌سه‌ده و ئاسایشی رۆژئاوا و 5 هاووڵاتی سڤیل گیانیان له‌ده‌ستداوه و 16 چه‌كداری داعشی كوژراون.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، زیاتر له 100 چه‌كداری زیندانیكراوی داعش له گرتووخانه‌كه رایانكردووه، هه‌سه‌ده‌ش ده‌ڵێت: له‌كۆی ئه‌و ژماره‌یه، تا ئێستا توانیویانه 89ـیا ده‌ستگیر بكه‌نه‌وه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، كه ته‌واوی گرتوخانه‌كه ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی چه‌كدارانی داعشدایه.
له به‌یاننامه‌یه‌كیشدا هه‌سه‌ده رایگه‌یاند، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش كه له گرتووخانه‌كه رایانكردووه، هاووڵاتییانی سڤیل له گه‌ڕه‌كی زهوور وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كارده‌هێنن و هۆشداریشی دایه هاووڵاتییان، كه هیچ كه‌سێك چه‌كداره راكردووه‌كان له ماڵه‌كانیان نه‌شارنه‌وه.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه، ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش، شه‌وی رابردوو له رێگه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو هێرشیان كرده سه‌ر گرتووخانه‌ی تایبه‌ت به چه‌كداره ده‌ستگیركراوه‌كانی داعش له سنووری حه‌سه‌كه.
له‌و باره‌یه‌وه، به‌ڕێوبه‌ری روانگه‌ی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، رامی عه‌بدولڕه‌حمان رایگه‌یاند، لانیكه‌م 16 چه‌كداری داعش، كه په‌لاماره‌كه‌یان ئه‌نجامدابوو، له ناو گرتووخانه‌كه‌ی حه‌سه‌كه و ده‌ره‌وه‌ی گرتووخانه‌كه كوژراون.
گرتووخانه‌ی گویران، له حه‌سه‌كه، له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌سه‌ده‌دایه و شه‌وی رابردوو رووبه‌ڕووی په‌لامارێكی داعش بوه‌وه.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و هێرشه تیرۆریستییه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌كه كرابووه سه‌ر هێزه ئه‌منییه‌كانی پاسه‌وانی زیندانه‌كه، له ناوخۆدا چه‌كداره ده‌ستگیركراوه‌كانی ناو گرتووخانه‌كه، ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر به‌شێكی گرتووخانه‌كه‌دا و 18 ئه‌ندامی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و پاسه‌وانی گرتووخانه‌كه گیانیان له‌ده‌ستدا.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24 له رۆژئاوای كوردستان، هێشتا ره‌وشی گرتووخانه‌كه به ته‌واوی كۆنترۆڵ نه‌كراوه‌ته‌وه و هێزه ئه‌منییه‌كانی هه‌سه‌ده به‌رده‌وامن له هه‌وڵه‌كانیان بۆ كۆتاییهێنان به‌و ره‌وشه‌ی چه‌كداره ده‌ستگیركراوه‌كانی داعش له ناو گرتووخانه‌كه ده‌ستیانپێكردووه.
گرتووخانه‌ی غویران، له جیهاندا یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین ئه‌و گرتووخانانه‌ی تایبه‌ت كراوه به ده‌ستگیركراوه‌كانی داعش و زیاتر له 3500 چه‌كداری ده‌ستگیركراوی داعشی تێدایه.
له سه‌روبه‌ندی پشێوییه‌كاندا، 5 چه‌كداری ده‌ستگیركراوی گرتووخانه‌كه رایانكردبوو، تا ئێستا توانراوه دووانیان ده‌ستگیر بكرێنه‌وه.
دوای ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له ئارادان بۆ شكاندنی گرتووخانه‌كه و راكردنی گیراوه‌كان، هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق له سنووری نێوان عێراق و سووریا خراونه‌ته حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه.
به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی هه‌واڵگری عێراقی، كه دزه‌ی پێكراوه و له میدیا بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه مه‌ترسیدارترین به‌رپرسه‌كانی داعش له‌و گرتووخانه‌یه‌دان و داعش هه‌وڵده‌دات ده‌ربازیان بكات و سنوور ببه‌زێنن و روو له عێراق بكه‌ن.
یه‌كێك له ستراتیژه جه‌نگییه‌كانی داعش له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه تا ئێستا شكاندنی زیندانه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كداره ده‌ستگیركراوانه بووه بۆ به‌ره‌كانی شه‌ڕ.
له سه‌روبه‌ندی داگیركردنی مووسڵدا له (10ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2014)دا، یه‌كه‌م كاری داعش شكاندنی گرتووخانه‌ی ته‌سفیرات بوو له سنووری نه‌ینه‌وا، كه سه‌دان ده‌ستگیركراوی تێدا بوو.