پەیامێک لە نێچیرڤان بارزانییەوە لەبارەی هێرشە تیرۆرستییەکەی سەر دیالە


 سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە تیرۆرستییەکەی سەر شارۆچکەی عوزێم لە سنووری پارێزگای دیالە، جەختی لەسەر پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە بۆ لەناوبردنی تیرۆرستانی داعش.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا نووسیویەتی "سەرکۆنە کردەوە تیرۆرستییەکەی ئەمڕۆ هەینیی سەر ناوچەی عوزێم دەکەین کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک سەرباز".

هەروەها نووسیویەتی "تا ئێستاش داعش هەڕەشەیە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات، جەخت لەسەر پێویستی و هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکەینەوە، بۆ لەناوبردنی داعش".

نێچیرڤان بارزانی هەر لە تویتەکەیدا نزا بۆ گیانی قوربانییەکان دەکات و دەڵێت "داواکارم لە خودای گەورە شەهیدەکان بخاتە بەر میهرەبانی خۆیەوە و ئارامی و دڵنەوایی بە کەسوکار و بنەماڵەکانیشیان ببەخشێت".

جێی باسە به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌نێوان هه‌ردوو‌ گوندی تالیعه‌ و ئوم كه‌ڕامی‌ له‌ باكووری شارۆچكه‌ی عوزێم له‌ پارێزگای دیاله‌ چه‌ند چه‌كدارێكی تیرۆریستانی داعش كه‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ 10 چه‌كدار بووه،‌ هێرشیان كردبووە‌ سه‌ر باره‌گایه‌كی تیپی یه‌كی سوپای عێراق و به‌ چه‌كی مامناوه‌ند و قه‌ناس، لە ئەنجامدا‌‌ 11 سه‌ربازی عێراقی بوونە قوربانی كه‌ پله‌ی یه‌كێكیان ئه‌فسه‌ر بووه‌‌‌.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال