سەعدی پیرە: لەسەر ئاستی باڵا پەیوەندی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ھەیە


 ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە سەرەڕای کێشەکان لەسەر ئاستی باڵا ڕۆژانە پەیوەندی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ھەیە و دەڵێت، پێویستە پارتی و یەکێتی بە یەکگرتوویی بچنە بەغدا.

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو ڕۆژێک پەیوەندی لە نێوان ئێمە و پارتیدا ھەیە و لە ڕێگەی دیدار و تەلەفۆنەوە پەیوەندیمان ھەیە و لەسەر ئاستی باڵا پەیوەندی بە یەکەوە دەکەین، چونکە پێویستە ھەردوولا بزانن کورد بە یەکگرتوویی نەچێتە بەغدا خراپە و ئەوانەی ھانی ئەوە دەدەن کورد بە پچڕپچڕ بچێتە بەغدا، بێگومان مەبەستیان ئەوەیە ھەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی بچێت، ئینجا ئەو لایەنانە عێراقی بن، یان لایەنی ھەرێمی و دەرەکی بن.''

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت: "ئێستا بەرپرسیاریەتیی یەکێتی و پارتی، بەتایبەتی کاک مەسعود و کاک بافڵە کە ھەوڵ بدەن ئەو بابەتە چارەسەر بکەن و، کارێکی وەھا بکرێت کورد تووشی پچڕپچڕی نەبێت.''

سەعدی پیرە ڕوونیشی کردەوە: "ئومێد دەکەین دیدارەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ئەنجامێکی باشیان ھەبێت، چونکە خەڵکی کوردستان چاوەڕێی ئومێدە لە پارتی و یەکێتی و، پارتی و یەکێتی کۆ دەبنەوە، ئەگەر کۆبوونەوە نەکرێت ئەوە خراپە، ئێمە پێکەوە شەریکین لە حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان، تا ئێستا لە عێراقیش شەریکین، ئاستەنگ بۆ ھەر یەکێک لەو دوو حزبە دروست بکرێت، کارێکی باش نییە، لەبەر ئەوەی ئێمە وڵاتێکی خاوەن سەروەری نین و ھەرێمی کوردستان ھەڕەشەی لەسەرە، چونکە ئێمە وڵاتێکی سەربەخۆ نین، ھەموو ھەوڵێک دەدەین کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست نەکرێت.''

 

أحدث أقدم

نموذج الاتصال