ئەنجومەنی وەزیران پرسی کۆچبەرانی هەرێم لە یۆنان و کاری تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری هەرێم و بەغدا و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن تاوتوو دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی شوباتی 2022، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پوختەیەکی دەربارەی سەردانەکەی بۆ میرنشینی عەرەبی یەکگرتوو (ئیمارات) خستە روو و ئاماژەی کرد بە کۆبوونەوەی له‌گه‌ڵ شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نه‌هیان، جێنشینی ئه‌بوزه‌بی و جێگری فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه چه‌كداران و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی باڵای ئیمارات کە لە گفتوگۆکانیاندا جەخت له‌سه‌ر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئیمارات كراوەتەوە، به‌تایبه‌تیش له بواره‌كانی ئابووری و وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌پێدانی مرۆیی، كه خزمه‌ت به كه‌رتی گه‌شه‌پێدان و بنیاتنان ده‌كات. هەروەها تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی سەرۆکوەزیران لەگەڵ بەپرسانی باڵای ئیمارات، گفتوگۆکردن بوو دەربارەی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق و پێشڤه‌چوونه‌كانی ناوچه‌كه و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و گرنگی هه‌وڵ و هه‌ماهه‌نگیی زیاتر بۆ دابینكردنی پشتیوانیی ئاشته‌وایی له ناوچه‌كه و داهاتوویێکی باشتر له‌سه‌ر بنه‌مای پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه.
پاشان سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە تیشکی خستە سەر رەوشی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە بە شێوەیەکی گشتی و کارەساتی ئەم دواییەی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی سێ بەلەم لە کۆتایی ساڵی رابردوو کە بەشێکیان تا ئێستا بێسەروشوێنن. سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئاماژەی دا بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکان و هەروەها گەڕاندنەوەی رزگاربووان و گەڕان بە دوای بێسەروشوێنبووان، بە هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كونسوڵگه‌رى گشتیى وڵاتى یۆنان له هه‌ولێر و باڵیۆزى یۆنان له به‌غدا، وێڕای په‌یوه‌ندیى بەردەوامی فەرمانگەکەیان له‌گه‌ڵ رێكخراوى كۆچى نێوده‌وڵه‌تى و یۆنامى و نووسینگه‌ى یه‌كێتیى ئه‌وروپا له هه‌ولێر، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، شاندێكى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه، سه‌ردانى یۆنانیان كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسى دۆسیه‌ى كۆچبه‌ران له‌و وڵاتە كۆبوونه‌وه، تا ئێستا له ده‌رئه‌نجامى ئه‌و هه‌وڵانەدا، ته‌رمى 9 كۆچبه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ركى سه‌رۆكوه‌زیران راده‌ستى كه‌سوكاریان كراوه‌ته‌وه، هه‌ر ئه‌مڕۆش شاندێکی حکوومەتی هەرێم، جارێکی دیکە سەردانی یۆنان دەکەن بۆ گەیاندنی سامپلى كه‌سوكارى 29 له قوربانییان بۆ ئه‌نجامدانی تێستى دى ئێن ئه‌ى، هەروەها تەواوكردنى كه‌یسى رێوار رێبوارى ته‌مه‌ن 11 ساڵان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى بۆ هه‌ولێر.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سه‌ره‌راى ده‌ستخۆشى له هه‌وڵى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییەكانى ده‌ره‌وه و وه‌زاره‌ته‌كانى ناوخۆ و تەندروستى، ئه‌و لایه‌نانه‌ى راسپارد كه به‌رده‌وام بن له هه‌وڵه‌كانیان له‌و باره‌یەوه، وه‌زاره‌تى ناوخۆش راسپێردرا كه به‌رده‌وام بن له به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه له‌و كه‌س و كۆمپانیایانه‌ى كه بازرگانى به ژیان و سه‌لامه‌تى هاووڵاتییانى هه‌رێم ده‌كه‌ن و رێكارى قانوونی‌یان له به‌رامبه‌ر وه‌ربگیرێت.
لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە وڵاتی یۆنان دەکات بۆ بەردەوامی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکان و لەو رووەشەوە حکوومەتی هەرێم ئامادەی هەر رێکارێکی پێویستە.
لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی راپۆرتێکی سەبارەت بە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی گۆڕاوی ئۆمیکڕۆن لە هەرێم و ئاستی پابەندبوونی وەزارەتەکان بە وەرگرتنی ڤاکسین لە لایەن فەرمانبەران و کارمەندانی حکوومەت و ئامادەکارییەکانی خۆپارێزی بۆ مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە و قوتابییان و خوێندکاران لە دوای دەستپێکردنەوەی خوێندنی ناوپۆل خستە روو، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وێڕاى ده‌ستخۆشى له وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و پزیشكان و كارمه‌ندانى ته‌ندروستى و كارمه‌ندانى وه‌زاره‌ت كه به شایه‌تى هاوبه‌شه نێوده‌وڵەتییه‌كانمان و رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى، سه‌ركه‌وتووانه رێكارى پێویستیان گرتووەتە بەر بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌ختى كرده‌وه له‌سه‌ر گرنگیى به‌رده‌وامبوونى پرۆسه‌ى وه‌رگرتنى ڤاكسین و گرتنه‌به‌رى رێكاره‌كانى خۆپارێزیی له لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه بۆ به‌رگرتن له ته‌شه‌نه‌كردنى زیاترى په‌تاكه و پاراستنی تەندروستیی گشتی.
لە بڕگەی چوارەم و کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری تیشکی خستە سەر پێشوەچوونەکانی کاری تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتی هاوبەشی خۆیانن سەبارەت بە پابەندییەکانی هەرێم و شایستەکانی بە پێی یاسای بودجە، دواتر ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بە وردیی راپۆرتێکی پێشکەش کرد سەبارەت بە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەر رۆشنایی ماددەی 11 لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021، کە بریتییە لە داهاتی فرۆشتنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و بابه‌تى پاكتاوكردنى رەسیدی بانکی بازرگانیی عێراقی لە لای بانکەکانی هەرێم، پێداچوونه‌وه‌ی داهاتە نانەوتییەکان له هه‌رێم و ئاماده‌كردنى میزانى یەکگرتووى پێداچوونه‌وه‌ى فەرمانگەکانی هەرێم بۆ ته‌واوى مانگه‌كانى ساڵى 2021 کە سەرجەم داهات و خەرجییەکانی هەرێم لەخۆ بگرێت، هەروەها خستنەڕووی پڕۆژەی بایۆمەتری تۆماری مووچەخۆران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژەی دا بە گرنگيی پێشکەشکردنی زانیاری و خشتەکان بە تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی بە شێوەیەکی روون و شەفاف، تا بيانوو بۆ حکوومەتی فیدڕاڵی نەمێنێتەوە بۆ خەرجنەکردنی شایستەی دارایی هەرێم بە پێی یاسای بودجە.