پەکەکە منداڵانی ئێزدی شنگاڵ دەیان ڕفێنیت و بە زۆری چەکداریان دەکات


 

پەكەكە منداڵەكانی شنگال چەكدار دەكات

چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە، بەوە تۆمەتبار دەكرێن، كە لەناوچە جیاوازەكانی شنگال چەندین منداڵیان چەكدار كردووەو بەردەوامیشە لەو پرۆسەیە.

بەقسەی دوو سەرچاوەی ئاگادار، چەند ساڵێكە پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە، دەیان منداڵیان گرتووەو كردوونیانن بە بەشێك لەهێزە چەكدارەكانیان، كە بەشێكی زۆری لەو منداڵانە، لەتەمەنی نێوان 10 بۆ 15 ساڵیدان.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، زۆربەی ئەو منداڵانە خەڵكی شنگالن‌و لەئاینزای ئێزیدن لەناوچە جیاوازەكان، كە بەشێكی زۆر لەو منداڵانەش بێ‌ گەڕانەوە بۆ بەخێوكەرەكانیان براون بۆ مەشق‌و راهێنانی سەبازی‌و كراون بە چەكدار.

سەرچاوەكان ئاماژە بەوەش دەكەن، كە سەرەتا منداڵەكان براونەتە چەند سەربازگەیەك لەچیای قەندیل‌و راهێنانی تایبەتیان پێكراوەو دواتر وەك چەكداری پەكەكە هێنراونەتەوە بۆ ناوچەكانی شنگال‌و چەند ناوچەیەكی تری وەك كەركوك‌و دووزخورماتوو.

پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە، چەند ساڵێكە لەچەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەناوچەكانی چیای قەندیل بارەگای سەربازی هەیە، ئەمە جگە لەبوونی دەیان بارەگای تری سەربازی لەناوچەكانی بادینان‌و شەنگال لەپارێزگای نەینەوا.

ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەكەن، كە ئەو منداڵانەی براونەتە قەندیل‌و راهێنانیان پێكراوە لەهەردوو رەگەزی كوڕو كچ بوون‌و دەیان منداڵی تریش ئامادەكراون بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی راهێنانكردن پێیان.

مەحما خەلیل قایمقامی پێشووی شنگال لەو بارەوە دەڵێت: ماوەیەكە چەكدارانی پەكەكە كار لەسەر ئەوە دەكەن، منداڵ بەرنە دەرەوەو راهێنانی پێبكەن، بۆ ئەوەی بیانكەن بە چەكداری پەكەكە.

مەحما خەلیل دەشڵێت: ئەو پرۆسەیە لەشەنگال‌و ناوچەكانی دەوروبەری بەردەوامی هەیە، كە زۆرینەی زۆری ئەوانەی دەبرێن‌و دەكرێن بەچەكدار تەمەنیان لەخوار 18 ساڵییەوەیە، ئەمەش نیگەرانی خەڵكی ناوچەكەی لێكەوتووەتەوە.

مەحما خەلیل، كە ئێستا پەرلەمانتاری عێراقە باس لەوە دەكات، خۆی‌و چەند پەرلەمانتارێكی تر پرۆژەیایەكیان ئامادەكردووە، كە تایبەتە بەو پرسەو دەیانەوێت لەم خولە نوێیەی پەرلەمانی عێراق كار لەسەر ئەو پرۆژە بكەن، تا لەرێگەیەوە رێگری بكەن لە چەكداركردنی منداڵان لەسەرجەم ناوچەكانی عێراق بەتایبەتی لەشارۆچكەی شنگال.

هاوكات قادر قاچاغ نوێنەری پارتی دیموكرات بۆ ناوچەكانی شنگال لەو بارەوە دەڵێت: سكاڵایەكی زۆریان لەلایەن خەڵكی ناوچەكەوە پێگەیشتووەو سكاڵاكانیش تایبەتە بە پرسی منداڵەكانیان لەلایەن گروپە چەكدارییەكان.

قادر قاچاغ دەشڵێت: تەنیا چەكدارانی پەكەكە نین، كە منداڵان دەبەن‌و دەیانكەن بەچەكدار، بەڵكو زۆربەی گروپە چەكدارییەكانی سەر بەحەشدی شەعبی ئەو كارە دەكەن، بۆیە پێویستە پەرلەمان لەرێگەی یاساوە كار لەسەر ئەوە بكات، ئەو پرۆسەیە رابگرێت.

بەپێی وتەی سەرچاوەكان، تەنیا لەماوەی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، لەناوچەی شنگال 10 حاڵەتی بردنی منداڵ لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە تۆماركراوەو كەسوكارەكانیشیان لەو بارەوە سكاڵایان تۆماركردووە.

لەبەرانبەر تۆمەتباركردنی پەكەكە بە بردنی منداڵ بۆ چەكداركردنیان، كاوه شیخ موس وتەبێژی پەكەكە هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوەو باس لەوە دەكات، ئەوە هەڵمەتێكی میدیاییەو لەدژی پەكەكە دەستپێكراوە.

كاوە شێخ موس دەشڵێت: هەڵمەتەكە دەزگای هەواڵگری پەكەكە سەرپەرشتی دەكات‌و بە میدیاكانی پارتی‌و توركیا جێبەجێی دەكات، ئەوەش لەپێناوی ناشرینكردنی پەكەكە.

وتەبێژی پەكەكە باسی لەوەش كرد، ئەوان باش دەزانن، كە چەكداركردنی منداڵ نایاساییەو دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگ، بۆیە هەرگیز كاری لەو شێوەیە لەسەربازگەكانیان ناكەن.



أحدث أقدم

نموذج الاتصال