مەحەمەد حاجی مەحمود:پەکەک باشتری پەیوەندین هەیە سوریا و ئێران و عێراق


پەكەكە كاتێك دامەزرا، هەموو حزبەكانی باكووری كوردستانی لەناو برد“

سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان چەند زانیارییەك لەبارەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئاشكرا دەكات و رای دەگەیەنێت، كاتێك ئەو حزبە دامەزراوە، هەموو حزبەكانی باكووری كوردستانی لەناو بردووە.

محەمەدی حاجی مەحموود، لە لاپەڕە (32 - 33)ی بەرگی پێنجەمی بیرەوەرییەكانی خۆیدا كە بە ناوی (ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەك) بڵاوی كردۆتەوە، باسی لە ڕووداوەكانی ساڵانی نۆوەدەكانی سەدەی رابردوو كردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، پەكەكە ”هێزێكی كوردیی كوردستانی توركیایە“ و لە لایەن عەبدوڵا ئۆجەلانەوە دامەزراوە، ”بەڵام ئەم هێزە باوەڕی بە هیچ هێزێكی كوردی نییە و هەر سەرەتا هەرچی حزب و هێزی كوردی بوو، وەك پێشەنگ و هەندێك حزبی دیكەش، هەموویانی تەسفیە كرد و هەندێكیانی تەسفیەی جەستەیی كرد و هەموویانی لەناو برد“.

ئاماژەشی بە داگیركردنی ناوچەكانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك لە لایەن پەكەكە داوە و نووسیویەتی: ”لە دوای راپەڕینی ئازاری 1991، سوودیان لەو بۆشاییەی كوردستانی عێراق وەرگرت و بنكە و بارەگایان لە بادینان دانا و دەستیان بەسەر بەشێكی زۆری سنووری دهۆك و ناوچەی برادۆستی سەر بە هەولێردا گرت. ڕێگای جووتیار و گوندنشینەكانیان نەدا كە ڕژێمی بەعس دەریكردبوون، بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان“.

كاكە حەمە لەبارەی هۆكاری هاتنی سوپای توركیا بۆ سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەی دركاندووە كە توركیا رێككەوتنی لەگەڵ رژێمی عێراق كردووە تاوەكوو 15 تا 20 كیلۆمەتر بێتە نێو خاكی عێراق بۆ لێدانی پەكەكە، لە بەرامبەریشدا لە سەرەتای نۆوەدەكان ”پەكەكە بە كەمالی ئیسراحەتی خۆیەوە لە ناوچەكانی بادینانەوە هێرشی بۆ سەر توركیا دەكرد، لەناو كوردستانیشدا لە شارەكان بارەگای كردەوە و دەستی بە ڕێكخستن و كاری سەربازی و سیاسی كرد بەبێ ئەوەی ڕووخسەت لە پارتی و یەكێتی یان حكوومەت وەربگرێت. توركیاش كێچ چووبووە كەوڵی و ئارامی لێبڕابوو“.

جەختیشی كردۆتەوە كە ”پەكەكە باوەڕی بە پێكەوە كاركردن لەگەڵ هیچ حزبێكی كوردستان نییە لە هیچ پارچەیەكی كوردستان، باوەڕی بە هاوپەیمانی نییە، بەڵكوو دەبێت هەموو حزبەكانی هەموو پارچەكانی كوردستان ئۆجەلان بە سەرۆكی نەتەوەیی كورد قەبووڵ بكەن و پەكەكە چ بڕیارێكی دا جێبەجێی بكەن، پارتی نەتەوەیی و حزبی چارەسەر و ئێستا ناوێكی كەی هەیە، پژاك و پەیەدە و زۆری دیكە لەو ناوانەن كە ئەو بەرنامەیەی پەكەكەیان هەیە“.

محەمەدی حاجی مەحموود باسی پەیوەندیی پەكەكە و وڵاتانی داگیركەری كوردستانیشی كردووە و نووسیویەتی: ”ئەو حزبە بە ناوی كوردستانی گەورە و شتی عاتفیەوە قەناعەت بە هەندێك كەس دەهێنن، تۆمەتیش دەدەنە پاڵ حزبەكانی كوردستان بەوەی پەیوەندییان بە وڵاتەكانەوە هەیە، لە كاتێكدا پەكەكە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، باشترین پەیوەندی لەگەڵ (كۆماری ئیسلامیی ئێران، عێراق و سووریا) هەیە و لەو پەیوەندییەی بەردەوامە“.




أحدث أقدم

نموذج الاتصال