لوقمان بیارەیی:جاشەکانی کورد لە بەغدا دژی کوردستانن و دواتر دێنەوە هەولێر و سلێمانی دەحەسێنەوە


 

جاشی بێ ھەیبەت!


لوقمان بیارەیی


ئینگلیزەکان قسەیەکیان دەڵێن: شێرێکی برسی بەرامبەرت بوەستێ نەک، سەگێکی تێر و خائن لە پشتتەوە ھەبێت.


برادەرێک کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا مستەشار بوو دەیوت: جاشاتی جارانی ئێمە وەک جاشایەتی ئەم ئەحمەوی حاجی رەشی و غالب و بازاڕانە نەبوو، کاتی مەنعە تەجەولەکەی سلێمانی قاتی سەرەوەی ماڵەکەم پڕی بوو لە گەنجی فیراری گەڕەک، مودیری ئەمنیش سوور بەمەی دەزانی، بەڵام: ئەوەندە ھەیبەتمان ھەبوو شەرمی دەکرد مەفرەزە بنێرێت ماڵەکەم تەفتیش بکات.


ھەموو ئەو جاشپاسدارانەی کە لە«بغداد»بە موئامەرە لە دژی کوردستانەوە سەرقاڵن، دوای ئەرکە جاشایەتییەکەیان بۆ ئیسراحەت دێنەوە ھەولێر یان سلێمانی، ڕاستە لە کوردستان تێبینی و ڕەخنە نەک ھەر لەسەر مەلەفی نەوت و گاز ھەیە، بەڵکو لەسەر زۆربەی سێکتەرە سیاسی و حکومییەکانیش ھەیە، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی بەغداد چی وت ئەوە تەواوە، بەم حاڵەشەوە شتێکی بونیاد ناوە ئەگەر کوردستانیش لەم قۆناغەدا ڕاگریت، ھێشتا  ئەوان نیو سەدەیان پێویستە تا بگەنەوە پێی. مەگەر ئەی کێ دادگایەک دابنێ بۆ ئەوان لە داھاتی چوار ملیۆن و نیو بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بکۆڵێتەوە، کێ لە ئێرانی و حووسی و حیزبوڵڵا و پەکەکە و...ھتد، بکۆڵێتەوە کە لەسەر پارەی نەوتی عێراق مووچە وەردەگرن و دەژین، کێ لە حیسابی ملیاران دۆلاری بەرپرسە باڵاکان بکۆڵێتەوە، کێ لە داھاتی نەجەف و کەربەلا و سامەڕڕا و بەندەرە ئاوییەکان و دەروازە سنوورییەکان بکۆڵێتەوە، کێ لە دۆخی خراپی ژیانی خەڵک و بازاڕی عێراق بکۆڵێتەوە. دەبوو جاشەکانی ئێستا جورئەتی ئەوەیان ھەبووایە بڵێن: کوردستان بە بن زەوی و بە سەر زەوییەکەیەوە موڵکی پارتی نییە بە تەنھا، ھی ئێمەشی پێوەیە. بەڵام چی لەگەڵ جاشی بێ ھەیبەت بکەیت کە وەک: سەگی برسی لە پشتمانەوە پاڵیان داوەتەوە.


لەبەر ئەوە ھەلھەلە کێشان بۆ بڕیارەکەی«دادگای سەورەی عێراق»ی، نیشانەی ھوشیاری و موتابعی نییە، بەڵکو نیشانەی گەمژەیی و پەیڕەوکردنی لۆژیکی کەرەدێزەکەیە، نیشانەی سەرکزی و بێئیرادەییە، ئاخر چڵیتی وا ھەیە ھێشتا نازانێت ئەگەر حەشدی شەعبی بگاتە ناو شارەکەی،   سەرقوفڵانەی مارکێت یان مەخزەنەکەی، نرخی خانووەکەی کە ئێستا لە پێنج دەفتەر دۆلارەوە بەرەو سەر دەستپێدەکەن، ئەوکاتە دەبێت ھۆرەیان بۆ بڵێت، نازانێت ئەم مەکر و ناز و ئازادییەی کە ئێستا ھەیەتی نایمێنێت، ھیچ شتێکی نامێنێت، لە سلێمانی یان لە ھەولێر و دھۆک بژیێت ئییر: دەبێتە کەسێکی موسڵاوی یان بەسراوی بەڵام بە جلی کوردییەوە.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال