لوقمان بیارەیی:با وا دابنێین پۆستی سەرۆککۆمار ئیستحقاقی«یەکێتی»-یە


 

با وا دابنێین پۆستی سەرۆککۆمار ئیستحقاقی«یەکێتی»-یە، دەیخۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئیستحقاقی یەکێتی نییە و کەچی: بۆ ئەوەی دەنگ نەدەن بە(شاخەوان عەبدوڵڵا»، لە ھۆڵی پەرلەمان چوونە دەرەوە. چەندینجار پارتی و حیزبەکانی تری کوردستان لەگەڵ یەکێتی دانیشتن و ئاگاداریان کردەوە کە، پۆستی سەرۆککۆمار سەرەتا ئیستحقاقی کوردە. کاندیدی ھەر حیزبێک کە دەبێتە سەرۆککۆمار دەبێت: سەرەتا پارێزەری مافە دەستوورییەکانی کورد بێت ئەوجا، لۆبی حیزبەکەی خۆی بێت.


لە 16ی ئۆکتۆبەر حکومەتی ناوەند بە ڕێگای سەربازی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی داگیرکرد بەڵام: سەرۆککۆماری عێراق کە بەڕێز«فواد مەعسوم»بوو نەیتوانی، تیمی کورد لە پەرلەمان و لە حکومەتی ناوەند لەگەڵ خۆی بباتە«کەرکووک یان شنگال»و، پێکەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕێکبخەن و بە ڕای گشتی و ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان بڵێن: ئەمەی کە ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق ئێستا دەیکات، دەستدرێژی سیاسی و غەرقی دەستوورە. دواتر لە ئیدارە عەنتەرەکەی«ڕاکان جەببووری»یدا بە ئاشکرا ھەڵدەکوترایە سەر موڵک و زەوی و کەسابەتی کوردی کەرکووک، زمانی نووسینی لافیتەیەک، تابلۆیەکیان لێ زەوتکرا کەچی: بەڕێز«بەرھەم ساڵح»نەیتوانی بچێتە گوندی«بەڵکانە»و لەوێوە بە حکومەتی عێراق و ئیدارەی کەرکووک بڵێت: ئەم تەعریبە ڕابگرن. نزیکەی ھەشت ساڵە بەغداد بودجە و قوتی ھەرێمی کوردستانی بڕیوە، ھیچکامیان نەیانتوانی بە دەستەڵات و پێگەکەی خۆیان، ھەر نا لە بەر مووچە و میزانییەی خەڵک و کادری خۆیان کە لەسەر حکومەتی ھەرێمە بەرگرییەک بکەن.


سیاسەت بەم شێوەیە نییە کە ئێستا یەکیتی دەیکات، ھەرکات ئیشی لە باشی بوو وەک حیزب قسە بکات و بچێتە ناو سیاسەتی جەمسەرگیری و لوعبەی وەرگرتنی پۆست و پێگە، ھەرکاتیش دۆخەکە بە دڵی ئەو نەبوو باسی یەکڕیزی و ئیستحقاقی کورد بکات، بڕیار نییە ئیستحقاقی کورد لە بەغداد بڕابێت بە باڵای یەکێتی-یدا، فەرموون سەرنجەکانی پارتی و لایەنەکانی تریش لەسەر بابەتەکە وەر بگرن تا ھەڵەکانی ڕابوردو دووبارە نەبنەوە، یانی گوێ لە سەرنجی پارتی و ئەوانیتریش بگرن و تەوافوق لە سەر کاندیدەکەیان بکەن، ئیدی قەیدی چییە با سەرۆککۆمار ئەمجاریش بۆ یەکێتی بێت، ئەگەر نا لێگەڕێن با پارتی-یش خۆی بەو پۆستەدا تاقی بکاتەوە، ئەگەر سەرکەوتوو نەبوو ئەوە: ئەویش وەک ئێوە. ئەگەر سەرکەوتووش بوو ئەوە: بۆ خولی داھاتوو ئێوەش فێر ببن وەک پارتی سەرۆککۆمار وەربگرن.


لوقمان بیارەیی

أحدث أقدم

نموذج الاتصال