ئەنجوومەنی ئابووری، وەزارەتی دارایی بۆ بەردەوامیدان بە دابەشكردنی مووچە راسپارد


 ئەمڕۆ شەممە 5/3/2022، ئەنجوومەنیی ئابووری هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كۆ بووه‌وه‌.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ڕاپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی باج و رسوومات لە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگا و پارێزگاکان كرا، ئەم لیژنەیە پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنی ئابوورییەوە‌ پێک هێنرا بە مەبەستی ڕێکخستنەوە و پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو ڕسوومات و کرێ خزمەتگوزارییانەی کە دامودەزگاکانی حکوومەت کۆیان دەکەنەوە، لە پێناوی ئەوەی جارێکی تر ئەو داهاتانە بخرێنەوە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

لەم ڕووەوە، پوختەی ڕاپۆرتەکە خرایەڕوو کە چەندین پێشنیاری پێویستی بۆ دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەخۆ گرتبوو لە پێناوی ڕێکخستنەوەی ئەو رسزومات و کرێی خزمەتگوزارییانەی وەردەگیرێن لە ھاووڵاتییان، بە جۆرێک ڕەچاوی بارودۆخی بژێویی و ئابووری هاووڵاتیی سوودمەند لە خزمەتگوزاریی بکرێت، سەرەڕای برەودان بە گەشەکردنی بازرگانی و ئابووری. لە گرنگترین پێشنیارەکانیش کە لە ڕاپۆرتەکدا هاتبوو، پێداچوونەوە بە یاسا و ڕێنوێنییە بەرکارەکان و بایەخی برەودان و پێشخستنی سیستمی ئەلیکترۆنیی تۆماری داهاتەکان و لابردنی ئاستەنگەکان رووتین و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر داهاتی گشتی ناو ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییە بۆ ڕای گشتی و خستنەڕووی بوارەکانی خەرجکردنیان بوو.

سەرۆکی حکوومەتى هه‌رێمى كوردستان وێڕای دەستخۆشیکردن لە لیژنەکە بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بە شێوەیەکی پیشەییانە، جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی سیستەمی ئەلیکترۆنی لە کاروبارەکانی حکوومەت و بەتایبەتی بۆ تۆمارکردنی خەرجی و داهاتەکان کردەوە، كه‌ دەبێتە هۆی زیادکردنی شەفافیەت و سنووردانان بۆ گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی و کەمکردنەوەی رووتین و ئەڵقە زیادەکانی پرۆسەی ڕاییکردنی مامەڵەکانی پەیوەست بە کۆکردنەوەی داهاتی گشتی.

دوای گفتوگۆ لەسەر پێشنیارەکان، ئەنجوومەنی ئابووریی پێشنیارەکانی پەسەند کرد و بڕیار درا بە جێبەجێکردنیان لە چوارچێوەی پلانێکی تۆكمە‌، بە جۆرێک لایەنی بەرپرسیار و پرۆسەی جێبەجێکردن و ماوەی پێویست بۆ هەر پێشنیارێک دیاری بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەروەها گفتوگۆ دەربارەی دۆخی ئابووری و دارایی کرا و جەخت لە پێویستیی ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆیی و نانەوتییەکان کرا، لە هەمان کاتدا هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و حکوومەتی هەرێمى كوردستان درێغی ناکات لە هەوڵدانی جددی بۆ دابینکردنی بودجەی هەرێمى كوردستان و مووچەی مووچە‌خۆران. هەروەها ئەنجوومەنی ئابووری، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد، ئامادەکاریی پێویست بکات بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە.




أحدث أقدم

نموذج الاتصال