چەکدارانی پەکەکە نزیکەی 10 رۆژە بەرپرسێکی یەکێتی-یان لە سنووری راپەڕین رفاندووە و ئامادەش نین ئازادی بکەن.


 چەکدارانی پەکەکە نزیکەی 10 رۆژە بەرپرسێکی یەکێتی-یان لە سنووری راپەڕین رفاندووە و ئامادەش نین ئازادی بکەن.

محەمەد شامەڕوان، جێگری مەڵبەندی 24ی یەکێتییە لە سنووری راپەڕین، 20/4/2022 کاتێک سەردانی باخەکەی خۆی لە گوندی سڵێی بناری قەندیل کردووە کە زێدی باب و باپیرانیەتی، چەکدارانی پەکەکە دەستبەسەریان کردووە،  بەرپرسەکەی یەکێتی بڕیاربوو لەم دوو رۆژە ئازاد بکرێت، بەڵام دوای ئەوەی میدیای فەرمی یەکێتی راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە، کە تیادا ئاماژە بەوەکرابوو، بافڵ تاڵەبانی 72 کاتژمێری بۆ ئازادکردنی ئەو بەرپرسەی حزبەکەیان دیارکردووە، بە پێچەوانەوە ھەڵوێستیان دەبێ، پەکەکە لە بڕیاری ئازادکردنی پەشیمان بووەتەوە.

ئەو رۆژەی محەمەد شامەڕوان چووەتە گوندەکەی خۆیان، چەکدارانی پەکەکە دوای پێزانینی دەچن و دەستبەسەری دەکەن، دوای زیاتر لە هەفتەیەک رفاندنی ئەو بەرپرسەی یەکێتی، تائێستا یەکێتی لەبارەی رووداوەکە لە میدیاکان بێدەنگی ھەڵبژاردووە و بە فەرمی ھیچ شتێک لەسەر رووداوەکە ناڵێن، تەنها ئەو راگەیەندراوە نەبێت باسیان لەوە کردبوو بافڵ تاڵەبانی وادەی بۆ پەکەکە دیارکردووە کە ئازادی بکەن، دوای چەند کاتژمێرێک ئەمەشیان سڕیەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێتی لە ئاستی سەرکردایەتی دا  لەگەڵ پەکەکە لە گفتوگۆدان تا ئەو بەرپرسەیان ئازاد بکەن .

پەیامنێرمان لە دەڤەری راپەڕین، ھەوڵیدا لە کەسوکاری محەمەد شامەڕوان زانیاری تەواوی لەسەر رووداوەکە دەستکەوێت، بەڵام ئەوان چاوەڕێی ھەڵوێستی یەکێتی دەکەن، بە پێچەوانەوە ھەڵوێستی خۆیان رادەگەیەنن .

سەبارەت بە ھۆکاری رفاندنەکەی، کەسوکارەکەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئامادە نەبوون لەبەردەم کامێرا قسە بکەن، بەڵام ئەوەیان خستەڕوو، تا ئێستا پەکەکە ھیچ تۆمەتێکیان لەبارەی ھۆکاری دەستگیرکردنەکەی بە ئەوان نەگوتووە، تەنھا ئەوە نەبێ کە پێیان گوتوون لای ئەوانە.

محەمەد شامەڕوان، پێشتر بەرپرسی کۆمیتەی رانیەی یەکێتی بووە و بەرپرسیارێیتی لەناو دەزگای زانیاری ئەو حزبە ھەبووە، خێزاندارە وتەمەنی 55 ساڵە، دەرچووی کۆلێژی یاسایە، ئێستا پلەی حزبی جێگری مەڵبەندی 24ی یەکێتییە لە سنووری راپەڕین، دوای زیاتر لە هەفتەیەک دەستگیرکردنی کەسوکارەکەی چاوەڕێی ئازادکردنی دەکەن، بەڵام پەکەکە ھیچ بەڵێنێکی پێنەداون، چەکدارانی پەکەکە رێگەشیان نەداوە لە رۆژی دەستگیرکردنی تا ئێستا ھیچ کەسێک چاوی پێ بکەوێت.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال