گوته‌بێژی‌ فه‌رمی‌ سه‌در: پێوه‌ندی‌ نێوان سه‌در و سه‌رۆك بارزانی‌ به‌هێزه‌


گوته‌بێژی‌ فه‌رمی‌ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری‌ ره‌وتی‌ سه‌در باس له‌ رێككه‌وتنی‌ سێ‌ قۆڵی‌ ده‌كات و ده‌ڵێت، ئه‌وان پێداگیرن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتیمانی‌.
سه‌ڵاح عوبه‌یدی گوته‌بێژی فه‌رمی موقته‌دا سه‌دری ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در، رای‌ گه‌یاندووه‌، تا ئێسته‌ ده‌ستپێشخه‌ری نیه‌ له‌لایه‌ن سه‌دره‌وه‌، 40 ڕۆژ وه‌ك ده‌رفه‌ت دراوه‌ته‌ لایه‌نه‌كانی تر تا حكوومه‌ت پێكبهێنن و عێراق له‌ چه‌قبه‌ستوویی ڕزگاری بێت، ته‌نانه‌ت گه‌ر كوتله‌ی سه‌دریش ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن به‌ ڕۆحی وه‌رزشیه‌وه‌ وه‌ریده‌گرین، به‌ڵام هه‌نگاونان بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ لایه‌نه‌كانی تر له‌ پێناو ده‌ستبه‌رداربوون له‌ حكوومه‌تی زۆرینه‌ له‌ ئارادا نیه‌.
گوته‌بێژی فه‌رمی موقته‌دا سه‌در له‌ دیمانه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ "ده‌نگی‌ ئه‌مه‌ریكا" ئه‌وه‌یشی‌ گوتووه‌، دروستبوونی ساردی و نیگه‌رانی له‌ نێوان بارزانی و سه‌در دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌. ئه‌و ده‌ڵێ‌" پێوه‌ندی له‌ نێوان سه‌ماحه‌تی موقته‌دا سه‌در و به‌ڕێز بارزانی به‌هێزه‌."
له‌ به‌شێكی‌ تری‌ دیمانه‌كه‌دا باسی‌ له‌و گوشارانه‌ كردووه‌ كه‌ له‌سه‌ر رێككه‌وتنی‌ سێ‌ قۆڵی‌ هه‌یه‌ و گوتی‌، گوشار هه‌یه‌ له‌لایه‌ن لایه‌نی ناوخۆ و ده‌ره‌كیشه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێسته‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، پێوه‌ندی تایبه‌تیش له‌ نێوانمان به‌هێزه‌.
لێدوانی‌ گوته‌بێژه‌كه‌ی‌ سه‌در له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ شه‌وی‌ رابردوویش، باره‌گای‌ بارزانی‌ له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا دووپاتی‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێوه‌نی‌ له‌نێوان سه‌رۆك بارزانی‌ و سه‌در به‌هێزه‌.


أحدث أقدم

نموذج الاتصال