کادرێکی پێشکەوتوی یەکێتی:ئێستا میللەت بەتەواوی ڕقی لێمانە لەبەر چاوی خەڵک کەوتوین


 

ئێستا یەكێتی خەریكی دیدارە، كە بە قەولی رێكخەرانی بێت، بۆ خۆسازدانەوە و رێكخستنی گوتار و ستراتیژی یەكێتی یە.


یەکێتی ئێستا لەدۆخێكدایە، هیچ كەسێك ئیرەیی پێ نابات.


یەكێتی دابڕاوە لە خەڵك، داشۆراوە لە فیكر و فەلسەفەی سیاسی، بەتاڵ لە مەعریفە و كادری رۆشنبیر.


لەقۆناغێكدایە، حزب و دەستو پێوەندی سەركردەكانی حزب، پڕ بوە لە بەرژەوەندخواز و چاپلوس و شەیدایانی عانە و گیرفان، كەسانێك كە لە خودی دیدارەكاندا بە قسەی گەورە و زەبەلاح بەڵام بە مێشكێكی پوچ


کەسانێک لەناو یەکێتی تەنانەت ناتوانن نەك وتارێكی عەقڵانی بۆ خەڵك بدەن، بەڵكو ناتوانن وتارەكەش بخوێننەوە كە توتی ئاسا بۆیان نوسراوە


حزب بۆتە بازاڕی دروشمسازی لەبیر ئەندێشەسازی، قسەی گەورەی بێكردار.


یەكێتی لە قۆناغێكی زۆر سەختدا دەژی، لەلایەك بەهۆی ململانێی توندی لەگەڵ دەرەوە بە تایبەت پارتی، لەلایەكی دیكە بە هۆی هاوكێشە سیاسی یە ئیقلیمیەكان


چەكە كاریگەرەكانی یەكێتی بەرامبەر پارتی و بەرزانی، هیچ لەو چەكانەی ئەوان كاریگەرتر نیە، بە تایبەت لە روی هێزی مرۆیی یەكێتیەوە.


بەڵام كێشەی سەرەكی و مەترسیداری یەكێتی، لە لەدەستدانی متمانەی خەڵك خۆی دەبینێتەوە، كە خەریكە بە هۆی بێباكی سەركردایەتی یەكێتیەوە، بەرەو ئاقارێكی كوشندەتر هەنگاو دەنێت.. 


لەوەش مەترسیدارتر، نەمانی كەسانی دڵسۆز و گیانباز و كادری نمونەیی لەناو حزب و پڕبونی كە هەلپەرست و شەیدایانی پۆست و پلە و پارە.. 


یەكێتی لە ئایندەدا ئەگەر بەم جۆرە بەردەوام بێت، نەك بەرگەی زریان، بەڵكو بەرگەی شنەبایەكی سیاسیش نەگرێت.


رەنگە چاپلوس و كۆیلەكانی ناو حزب، ئەمانە وەك تانە لێك بدەنەوە و چنگێك پارە بە زمان پیسیەكانی پەیدا بكەن


ئەمە حەقیقەتێكی تاڵە دەبێت بۆ بەئاگا هێنانەوەی دەستە و تاقمە ریبات لەملەكان و هەندێك لە زنجیر لە ملەكانیش، بخرێتە ناو زاریانەوە تا بە هۆی تاڵیەكەیەوە بەئاگا بێنەوە.


یەكێتی لە دامەزراندنیەوە تا ئێستا، بریار بوو دۆستی خەڵكی چەوساوە و رەنجدەرانی بیرو بازو، خانوە قورەكان.. هتد، بێت، بەڵام ئێستا رزگاری و بەختیاری و توی مەلیك و گەرەكە راقیەكانیشی كردوە بە خانوە قوڕەكان و پشتی تێكردون.


بڕیار بوو ماڵی كادرانی دڵسۆز، ژیر، كارامە، بەئەمەك، هەڵكەوتوو، بێت.. نەك ببێت لانە و مەكۆی ئەوانەی بۆ پۆست رۆژی سێ حزب دەكەن، ئەوانەی نەك بیر ناكەنەوە، بەڵكو لای ئەوان مێشك بێكارە لەبری دەست


ئەوانەی بە قسە بەهاریان هێناوەتە سەر چۆك و گەردێك ئەقڵ لە سەریاندا نیە و تاكە هونەریان چەڵە لێدان و ئۆباڵ كێشانە بۆ خودی (بافڵ و قوباد) تاڵەبانی!


رەنگە هێشتا ئاسایی بێت ئەو چەپڵە لێدەر و جاهیلانە لەدیداری یەكێتیدا ببینین، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە، ئایندەی تێكۆشەر و ماندوەكانی ئەم حزبە بدرێتە دەست ئەو دۆڕاوانە. 


ئێمە ئێستا نەخۆش و كەفتەكارین، ململانێ دەكەین، بەڵام تەنیا كات بریار دەدات كەی دەكەوین ئەگەر بەو جۆرەی ئێستا بەردەوام بین.


كوڕأنی مام جەلال، پێویستە سەرەتا باوەشی خۆیان لە بازرگانانی سیاسی و كادرانی ملكەچ و كۆیلە پاك بكەنەوە،


لە نارەزاییدا تانە لەدەسەڵاتی سەقەتی پارتی و ناكارامەیی خۆمان بدەین، بەڵام لە پۆستەكاندا هەر رۆژە و كەسێكی ملكەچ لەدەرەوەی یەكێتی بێنن، یان بهێننەوە، تا پۆستی باڵای پێ بدەن.

چونكە لە ئەندێشەی خەڵكدا ئەو وێنەیە چەسپاوە كە یەكێتی و پارتی واتە دەسەڵات، دەسەڵاتیش واتە یەكێتی و پارتی.


گەندەڵەكانی خۆمان سزا بدەن، خانەنشینی سەربازی یەكێتی پاك بكەنەوە لە خەڵكی ناباش و ناشایستە، دڵی پێشمەرگەی دێرین ئازار مەدەن كە خۆفرۆشێك لە تەنیشتیەوە وەك پێشمەرگە موچەی پێ دەدرێت.


دڵی كەسوكاری شەهید مەرەنجێنن كە دەبینێ كورەكەی ئەو لەسەنگەرا شەهید بوە هەمان پلەی هەیە لەگەڵ یەكێكی دی 


بازاڕ رێك بخەنەوە خۆتان لەو كۆمپانیا و بازرگانە بێرەوشتانە دوربخەنەوە كە خەریكە سلێمانی و شارەكان تەلبەند دەكەن.


مەبنە هاوبەشی پرۆژە ژەهراویەكانی ئەوانەی بۆ تەندەر و كۆنتراكت شەریكی حزبن


مەبنە داردەستی ئەو بازرگانە بێرەوشتانەی ژەهر دەكەنە قوِڕگی خەڵكەوە تا گیرفانی خۆیان هەڵاوسێنن.


وەرنەوە هۆشی خۆتان، كانیەكەی یەكێتی خەریكە ووشك دەكات، لانە گەرەمەكەی یەكێتی كە سلێمانی و كەركوكە، یەكێكیان یەخسیر و ئەو دیكەیان زویرە


دیداری یەكێتی بكەنە زەرورەتی بەخۆداچونەوە، مەیكەن بە بازاڕێكی تر بۆ ساغكردنەوەی وتە و وێنەی سوكی كادر و كەسانی سوك.


یەكێتی بە بەهێزی فریای كۆنگرەی تر ناكەوێ و هێندەی تر وێران دەبێت.


مەشڵێن دەردی دۆڕانی متمانە هەموو حزبەكانی گرتۆتەوە، ئێمە یەكێتین، حزبی دیكە نین، خەممان بۆ یەكێتی یە نەك حزبی تر، یان پۆست و پلە و پولی سەردارانی یەكێتی.


ئەم نوسینە لەكاتێكدا دەنوسم: 

- بەهۆی نەبوونی دەرمان و پێداویستی پزیشكیەوە، بەشێك لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی خزمەتگوزاریەكانیان رادەگرن.. وەك نەخۆشخانەكانی (هیوا، منداڵبون، منداڵان)

- بەشێك لە كۆلێژەكانی زانكۆ موچەی مانگی پێشویان وەرنەگرتوە

- بەشێك لە فەرمانگەكان نیو موچەان وەرگرتوە و نیوەكەی تر دیار نیە

- تا ئێستا سێ خانەنشین لە نۆرەی وەرگرتنی موچەدا گیانیان سپاردوە


ژوان ئەحمەد سەعید

کادری پێشکەوتووی یەکێتی

أحدث أقدم

نموذج الاتصال