نوێترین چاوپێکەوتنی سەرۆک بارزانی لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی میسڕی بڵاوکرایەوە


 
سەرۆک بارزانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی (وەفد)ـی میسڕی ئەنجام دا و تێیدا باسی دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە دەکات، (کوردستان تیڤی) بەشێکی چاوپێکەوتنەکە بڵاو دەکاتەوە.  
سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (وەفد)ـی میسڕی ڕایگەیاند: بەداخەوە دۆخی ئێستای عێراق سەختە، دووچاری قەیرانێکی قوڵ بووەتەوە بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانەی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دروست بووە، لە گفتوگۆ بەردەوامین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان.
ڕاشیگەیاند: دوای کشانەوەی سەدر، دۆخەکە هێشتا لە قۆناغێکی سەرەتاییدایە. جەختیشی کردەوە کە ئێمە پەیوەندی دۆستانەمان لەگەڵ سەدر هەیە و پەیوەندی بە هاوپەیمانییەتییەکەمانەوە نییە، بەگشتیش هاوپەیمانییەتییمان لەسەر بنەمای دوژمنایەتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە پێکنەهێناوە، بەڵکو ئێمە پێمانوایە کە پێویستە هاوپەیمانییەتییەکان لەسەر بنەما نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بنیات بنرێت کە بناغەکەی دەستوور بێت و ئامانجی پاراستنی دەستکەوتەکانی هاووڵاتییان و کارکردن بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕۆحێکی تەواو نیشتمانپەروەرانە بێت.
سەرۆک بارزانی سەبارەت بە مافەکانی کورد لە بەغدا ئەوەشی خستەڕوو کە سەرکەوتوو بووین لە داڕشتنی دەستوورێکی باش کە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقییەکان زامن بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا پێیەوە پابەند نەبوونە.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی بوونی چەکدارانی پەکەکە لە بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان سەرۆک بارزانی گوتی: بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتووانی سەدان گوند، هەروەها بوونەتە ڕێگر لەبەردەم حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، جگە لەوەش بوونەتە هۆکاری کوژران و برینداربوونی سەدان کەسی مەدەنی لەو ناوچانە، بوونەتە بیانووێکیش بۆ داگیرکردنی ناوچە سنوورییەکان لەلایەن تورکیا.
سەرۆک بارزانی لە وەڵامی پرسیارێکیش سەبارەت بە پێشمەرگە گوتیشی: دامەزراوەیەکی نیشتمانییە کە دەیان ساڵ لەمەوبەر لەناخی خەڵکەوە وەک بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕ سەریهەڵدا و خەباتی کرد و هەزاران شەهیدی لەپێناو کوردستان و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان هەموو پێکهاتە و ئایینەکان بەخشی، هەر بۆیە سەرەڕای ئەو گەمارۆیەی کە لەلایەن بەغداوە بەسەر پێشمەرگە سەپێنرا، بەڵام ئیرادەی تۆکمە و یەکڕیزی پێشمەرگە وایکرد ئازایانە بتوانێ لەگەڵ هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئەفسانەی ترس لە تیرۆریستانی داعش تێک بشکێنێت و ببێتە هێمایەک بۆ بەرخۆدان و خۆڕاگری و ئازایەتی.
لەبارەی یاسای نەوت و گازەوە ئاماژەی بەوە دا کە بەداخەوە هێز هەیە کار بۆ ئەوە دەکەن یاساکە بەشێوەیەکی نیشتمانی و بە کۆکبوونی هەموو عێراقییەکان دانەڕێژرێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی بابەتەکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی. ئاماژەی بەوەش دا کە پێویستە پەلە بکرێت لە دەرکردنی یاسایەک بۆ ئەوەی پرسی وزە ڕێکبخات، نەک تەنیا لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەڵکو لەنێوان هەموو پارێزگاکان کە بەرهەمی نەوتیان هەیە. جەختیشی کردەوە کە ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی لە ساڵی 2007ـەوە جددی بووایە لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گاز، کاتێکی زۆرمان بۆ دەگەڕاوە و زۆربەی کێشەکانیش چارەسەر دەبوون.
سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنەکە ئاماژەی بەوەش دا کە تاکڕەوی لە حوکمدا و دوورخستنەوەی کەسانی دیکە، دەستوەردانی دەرەکی و پەراوێزخستنی دەستوور ئەو شتانەن کە من نیگەران دەکەن، هیوا دەخوازم بتوانین هەمیشە بە ئاشتی بژین.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال