ناوەندی ستراتفۆری ئەمەریکی : دۆخی سیاسی عێراق لە لێواری داڕماندایە

 


ناوەندی ستراتفۆری ئەمەریکی بۆ لێکۆڵینەوە ئەمنی و هەواڵگرییەکان کە بە نزیک لە دەزگای هەواڵگری ئەمەریکاش دەناسرێت ڕاپۆرتێکی لەبارەی پێشهاتەکانی عێراق و پێشبینییەکان بۆ داهاتوو بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتەکە باس لە ئاڵۆزیەکانی ئەمدواییانەی عێراق کراوە کە بەهۆیەوە (٣٠) کەس کوژران و زیاتر لە (٧٠٠) کەسیش برینداربوون. هەروەها ئاماژە بە ڕۆڵی فشارئامێزی ئێران لەسەر لایەنەکان و دووری گرووپە شیعییەکان لە گەیشتن بە دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش کراوە کە پێشبینیدەکرێت تاڕادەی درووستبوونی کێشە بۆ هەناردەکردنی نەوت و شەڕی ناوخۆیی بڕوات.

بەبڕوای ستراتفۆر ئەو کەشە سیاسییەی ئێستای نێوان لایەنە شیعییەکان هاوکار نابێت لەوەی دەستاودەستی پرۆسەی سیاسی بە ئاشتیانە بێتەکایەوە تاوەکو ئەو کەشە لەسەر حیسابی دانوستان بەردەوام بێت، زیاتر لێکترازانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی درووست دەبێت و حکومەت بەوکارانەوە سەرقاڵ دەبێت و لە جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازی دووردەکەوێتەوە.عێراق لەڕووی سیاسییەوە لە لێواری داڕماندایە ئەمە ئەو ئاڕاستەیە کە موقتەدا سەدر پشتیوانی دەکات.

ئەو ناوەندە ئەمەریکییە باس لەوەدەکات کە ڕێبەری ڕەوتی سەدر یاری بە هەستی شوێنکەوتووانی دەکات جارێک بە کشانەوە لە پەرلەمان و ڕۆژێک بە کشانەوەی خۆی لە کاروباری سیاسیی. بڕوای وەهایە ئیدی ئەو سیاسەتە خەریکە بێ کاریگەر دەبێت.

هەروەها باس لە سیاسەتی ڕەوتی سەدر لە هەڵکوتانە سەر پەرلەمان و حکومەت دەکات و پێیوایە ئەوکارە بە زیان بۆ سەر ئەو ڕەوتە شکاوەتەوە. هەربۆیە دەبینین موقتەدا سەدر دەیەوێت لەڕووی سیاسیی پشوو بدات و داینەمۆ ئایینیەکەی بەگەڕبخات.
ناوەندی ستراتفۆر پێیوایە ئێران ئەو دەوڵەتەیە کە زۆرترین کاریگەریی لەسەر بارودۆخە جیاجیاکان لە عێراق و لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان لەیەکتری هەیە. لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ئێران بەتوندی پشتگیری لە بریکارە سیاسییەکانی لە عێراق کردووە، تاوەکوو دەست بە بەرژەوەندی و پێگەکانیان لە مەسەلەی پێکهێنانی حکومەت بگرن، لەگەڵ ئەوەش نەیویستووە بۆشایی دروستبێت و ئەو هەیمەنەی بە ساڵانێکی زۆر لە عێراق درووستیکردووە، ڕووبەڕووی مەترسی بێتەوە.

ناوەندە ئەمەریکییەکە پێشبینیدەکات دوای هەموو ئەو گرژیانە، ئیتر ئێران هانی چوارچێوەی هەماهەنگی بدات لەگەڵ سەدرییەکان بگەن بە ڕێککەوتن و لێکنزیکبونەوە، بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێشەوە.
بەپێی تێڕوانینی ناوەندی ستراتفۆر هێزە ئەمنییە عێراقییەکان فەشەلیانهێنا لەوەی بتوانن کۆنترۆڵی میلیشیاکان و کارە تێکدەرانەکان بکەن، ئەوەش مەترسیدارە و دەرگا دەکاتەوە لەداهاتووی نزیک بەئاسانتر بتوانن کاری هاوشێوە دووبارە بکەنەوە.
ئەو کارانەی ماوەی ڕابردوو بۆماوەیەکی درێژ ترس و دڵەڕاوکێ لای سەرمایەدار و وەبەرهێنە بیانییەکان لە عێراق درووستدەکات، هەروەها نادڵنیایی لە ئابوری عێراقیش دەهێنێتەکایەوە بەتایبەت کە پشێوییەکان شاری بەسرەشی گرتەوە کە زۆرێک لە کۆمپانیا نەوتییەکانی تێدا کۆبوونەتەوە.
ڕاپۆرتەکە هۆشداری ئەوەشیداوە لە ئەگەری بەردەوامی ناکۆکیی و گرژییەکان مەترسی دەکەوێتە سەر کەرتی نەوتی عێراق و پاڵێوگەکانیش.


أحدث أقدم

نموذج الاتصال