ڕۆژی پێنجشەممە 26ی 11ی 2022، ساڵێكی تەواو بەسەر كوژرانی عەمید موراد عەبدولڕەحمان عەوڵا ناسراو بە (موراد كانی كوردەیی) و دوو لە پاسەوانەكانی بە ناوەكانی (خۆشناو وەیسی و هاوکار نازم) تێپەڕ دەبێت كە لە لایەن هێزێكی چەكداری دەمامكدارەوە لە رانیەی ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، هێرشیان كرایە سەر و كوژران.
ڕۆژێك دوای ڕووداوەكە، بنەماڵەی موراد كانی كوردەیی، هێرشەكەیان بە ”كردەوەیەكی تیرۆریستیی ترسنۆكانە و پیلانێكی هاوبەش و نەخشە بۆ داڕێژراوی دوو دەزگای ئەمنیی یەكێتی“ وەسف كرد و رایانگەیاند: ”عەمید موراد کانی کوردەیی پلەی سەربازیی هەبووە و بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی پۆلیسی ڕاپەڕین بووە، رۆژی كوژرانی دەوامی فەرمیی خۆی کردوە، هەر داوا و سکاڵایەکی یاسایی لەسەر بووبێت، دەکرا بە شێوەیەکی یاسایی و بە رێکار و عورفی سەربازیی ئاگادار بکرایەتەوە.“ بۆیە هەموو ”ئەو تۆمەت و چەواشەكارییانە“یان بەدرۆ خستەوە كە دەزگا ئەمنییەكانی یەكێتی ئاراستەی موراد كانی كوردەییان كردووە.
بە برینداری گیرا و دواتر كوژرا
بنەماڵەكەی ئەوەشیان ئاشكرا كرد كە موراد كانی كوردەیی راستەوخۆ لە هێرشەكەدا نەكوژراوە، بەڵكوو ”بە برینداری لەلایەن چەکدارەکانەوە رفێندراوە و دوای شەش کاتژمێر، پەیوەندی بە کەسوکارەکەیەوە کراوە و پێیان گوتون بڕۆن تەرمەکەی لە پزیشکی دادی شاری سلێمانی وەرگرنەوە، دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکەی و توێکاری پزیشکی، دەرکەوتووە کە عەمید موراد فیشەک بەر قاچی کەوتووە و نەمردووە، بەڵکوو دوای قۆڵبەستکردنی بە برینداری بردوویانە و دواتر لەژێر ئەشکەنجەدانێکی زۆر دڕندانە گیانی سپاردووە، بەپێی راپۆرتێكی زارەکی کە دووبارە بۆی ئەنجام درایەوە، دەرکەوتووە کە شوێنی لێدانی کارەبا لەسەر دڵی و شوێنی چەقۆ و برینەکانی سەر جەستەی بەتایبەت بە پشت و ملیەوە و هەڵواسینی هەردوو دەستی بە ڕوونی دەرکەوتووە کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی سپاردووە.“
كەسوكاری موراد كانی كوردەیی هەمان رۆژ ئەوەیان بۆ رای گشتی خستە ڕوو كە هەرچەندە شوێنی پەلاماردانەکە لە شوێنێکی دیاری ناو شاری رانیە بووە، بەڵام ”بۆ داپۆشین و شاردنەوەی راستییەکان، ئاسایش دەستبەجێ هەموو کامێراکانی ئەو ناوچەیەی هەڵگرتووەتەوە.“
موراد كانی كوردەیی لە خانەوادەیەكی نایەكێتی نەبووە، بەڵكوو بەپێی یەكەمین راگەیاندراوی خانەوادەكەی، ئەوان ”بە خوێن“ پشتیوانییان لە یەكێتی كردووە و بە گوتەی خۆیان، دەیان شەهیدیان لە ڕیزەكانی یەكێتی هەبووە.
هەرچەندە خانەوادەی موراد كانی كوردەیی لە دووەمین ڕۆژەوە داوایان كرد بە زووترین كات بكوژانی ئەو هێرشە ئاشكرا بكرێن و هەڕەشەی ئەوەیان كرد: ”پەتی دانبەخۆداگرتنمان دەپچڕێت و وەڵامی توندمان دەبێت بەرامبەر ئەو تاوانەی دەزگای زانیاری کە دەرهەق بە ڕۆڵەکانی ئێمە ئەنجامی داوە.“ بەڵام ئەوە نزیكەی ساڵێك بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕ دەبێت، هێشتا هیچ كەسێك لە بكوژانی موراد كانی كوردەیی و پاسەوانەكانی، تەنانەت ئاشكراش نەكراون!
بكوژانی هاوكار جاف بە ماوەیەكی زۆر كەم ئاشكرا كران
زیاتر لە 10 مانگ دوای كوشتنی موراد كانی كوردەیی، كردەوەیەكی دیكەی تیرۆریستی دەرهەق بە ئەفسەرێكی دژەتیرۆری یەكێتی كرا كە ئەمجارەیان لە هەولێر كردەوەكە جێبەجێ كرا و رۆژی 7ی 10ی 2022، لە ڕێگەی بۆمبەوە، عەقید هاوكار جاف تیرۆر كرا و تەنانەت ژن و منداڵ و كەسوكاریشی كرانە ئامانج. پاش چەند ڕۆژێكی كەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە بەڵگەی ڤیدیۆیی و دانپێدانانی بەشێك لە ئەنجامدەرانی ئەو كردەوە تیرۆریستییە، بەبێ گوێدانە فشارە سیاسییەكان، ئاشكرای كرد كە دژە تیرۆری یەكێتی و خودی وەهاب هەڵەبجەیی لەپشت ئەو كردەوە تیرۆریستییەوە بوون.
بەم هۆیەوە ڕۆژی 9ی 10ی 2022، فەرمان كانی كوردەیی، برای موراد كانی كوردەیی، پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد، نزیكەی ساڵێك بەسەر كەیسی تیرۆركردنی موراد كانی كوردەیی و هاوڕێكانیدا تێپەڕ دەبێت، ”وێڕای دان بەخۆداگرتنمان دوای ئەم ماوە دوورودرێژە، دامودەزگا تایبەتمەندەكانی ژێر فەرمانڕەوایی یەكێتی، نەیانتوانی بكەرانی ئەم كردەوە تێرۆریستییە دەستگیر بكەن و ڕووبەڕووی یاسایان بكەنەوە.“
ڕوونیشی كردەوە كە ”ڕۆژی هەینی 7ی 10ی 2022، هاوشێوەی كەیسی تیرۆركردنی شەهید مورادی برام، لە كردەوەیەكی تیرۆریستیدا ئەفسەرێكی تری یەكێتی لە شاری هەولێر تیرۆر كرا، سەرەڕای دەربڕینی خەمباریی خۆمان بۆ لەدەستدانی شەهید هاوكار جاف، لە هەمان كاتدا دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەكان دەكەین كە توانییان لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا بكەرانی ئەو تاوانە دەستگیر بكەن و ڕووبەڕووی یاسایان بكەنەوە.“
برای موراد كانی كوردەیی دوای باسكردنی دەستگیركردنی تۆمەتبارانی تیرۆركردنی هاوكار جاف لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێر و لە ماوەی چەند سەعاتێكدا، پرسیاری ئەوەی لە ”دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی زۆنی سەوز“ كردووە، ئاخۆ بۆچی نەیانتوانیوە لە ماوەی ساڵێكدا، ئەو كەسانەی كە بە تیرۆركردنی موراد كانی كوردەیی تۆمەتبار كراون، دەستگیر بكەن؟“ لە كاتێكدا دەڵێ: ”ئێمە ناوی بڕیاردەر و پلانداڕێژەری ئەو تاوانەمان داوەتە لایەنی پەیوەندیدار.“
كەسوكاری كوژراوان داواكارییان هەیە
هەر خانەوادەی موراد كانی كوردەیی نین داوا دەكەن هاوشێوەی كەیسی هاوكار جاف، لێكۆڵینەوە لە كوژران یان تیرۆركردنی كەسوكاریان بكرێت، خەڵكانێكی زیاتریش هەن، لەمبارەیەوە هەر ئەمڕۆ محەمەد نووری، باوكی ڕۆژنامەنووس ئامانج بابانی داوای كرد، وەك چۆن لێكۆڵینەوە لە كەیسی تیرۆركردنی هاوكار جاف كرا و بكوژانی ئاشكرا كران، بە هەمان شێوە جارێكی دیكە لێكۆڵینەوە لە تكوژرانی كوڕەكەی و هاوسەر و منداڵەكەیان بكرێت.