سەرۆک بارزانی : لەگەڵ یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی شوباتی 2023 لە سەلاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرکردایەتیی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای ئەو کۆبوونەوەیەدا کورتەیەک لەبارەی کار و چالاکییەکان و ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی هەردوو ڕێکخراوەکە پێشکەش کرا.

دواتر سەرۆک بارزانی وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

لە سەرەتای وتەکەیدا سەرۆک بارزانی بەبۆنەی نزیکبوونەوەی هەژدەی شوبات و حەفتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە لاوان و قوتابییانی خۆشەویست کرد و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ خواستن. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی ڕۆڵی قوتابییان و لاوان لە پێگەیاندنی کەوادیر بۆ بەردەوامیی خەباتی سیاسی و حیزبی داوای کرد کە هەردوو ڕێکخراوەکە بە پلانێکی ڕوون بۆ ئایندە و بە ڕۆحێکی هەڤاڵینی و نیشتمانپەروەرانە و لەپێناو یارمەتیدانی پڕۆسەی پەروەردە و پێگەیاندنی لاوان و قوتابییان کۆنگرەی خۆیان ببەستن.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک بارزانی هێمای بە ڕاسپاردە و دەرئەنجامەکانی کۆنگرەی چواردەی پارتی دا و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ پارتی بۆ ئەو ئامانج و پڕەنسیپانە بگەڕێتەوە کە لە پێناوی دامەزراوە.

سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستە ڕوو کە چاکسازی و گۆڕانکارییەکانی ناو پارتی بەردەوام دەبن لەپێناو پتەوترکردنی بەها و پڕەنسیپ و ئامانجە باڵاکان.

لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی هاوبەشیی خۆی بۆ خەم و ئازاری زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی حەفتەی ڕابردووی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا دووپات کردەوە و پێزانینیشی بۆ هاوکاری و بەدەنگەوەچوونی حکومەتی هەرێم و دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و تێکڕای خەڵکی کوردستان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە هەبوو.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و دۆخی ناوخۆی هەرێم تەوەری تری وتەکەی سەرۆک بارزانی بوون و لەمبارەیەوە سەرۆک بارزانی بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال