سوپاس و پێزانین لەگەڵ ڕوونکردنەوەیەکی پێویست

خەڵکی خۆشەویستی کوردستان بەگشتی و شاری چەمچەماڵ بە تایبەتی، جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی مەرجەعی باڵای گەلی کورد،

 جەنابی مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، جەنابی کاک سیداد بارزانی، جەنابی کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، برای بەڕێز دکتۆر کەمال کەرکوکی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکوک-گەرمیان، جەنابی شێخ نیھاد بارزانی، بەڕێزان دکتۆر شاخەوان عەبدوڵلا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دکتۆر ھێمن ھەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، مامۆستایانی ئاینی، بەرپرسانی حزبی و حکومی و ئەمنی کوردستان، کوردانی تاراوگە، ئەندامان و سەرۆک ھۆزە تورکمان و عەرەبیەکانی کەرکوک و ناوچەکە، بەشداریتان بە پەیوەندی تەلەفۆنی، پرسەنامە و ئامادە بونتان لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردن و پرسەی جوانەمەرگ (سەرھەد) خەم و پەژارە و تازیەباریمانتان ڕەواندەوە، سوپاس و پێزانینی زۆر بۆ ھەموو لایەک و خوای گەورە پاداشتتان بداتەوە.

لێرەدا بۆ ڕای گشتی ڕوون دەکەینەوە کە ئێمە ھەرگیز خوازیاری ئەو بارودۆخە نەخوازراو و ململانێ ناوخۆییە نەبوین و نین، کە تاقمێکی چەتە گەرایی لە یاسا دەرچوو بەسەرماندا سەپاندویانە و بە دروشمی یان لەگەڵمانبە یان دوژمنمانیت، دەست بۆ ھەموو پیلانگێڕیەکی نائەخلاقی دەبەن و دژی ھەموو بەھا و پیرۆزی و ئازادیەکی ئەو کەسانەن لەگەڵیان نین و ڕا و ڕێگای جیاواز لەوانیان ھەیە.

ئەو دەستە و تاقمە لە درێژەی ھەڵمەتی شەڕانگێزی و ھەوڵی تاوانبارکردن و ناشرین کردنی ئێمە، لەبەرئەوەی ڕامان جیاوازە لەوان و ڕێگای جیا لەوانمان گرتۆتەبەر، لە شەوی ٢٠/٣/٢٠٢٢ کەسێکی سەر بەو دەستە و تاقمانە کە ڕابردویەکی پڕ لە شەڕانگێزی و تاوانی ھەبوو لە شاری چەمچەماڵ، بەشێوەیەکی نادیار کوژرا و ئێمەی پێ تۆمەتبار کراین و سکاڵامان لێکرا، ئێمە بێ باکانە بە شاھید و ئیسپات و بەڵگەی بێ تاوانیمانەوە ھەموو ئەوانەی سکاڵای لێکرابوو چووینە دادگا و بچوکترین بەڵگە و دەلیل نەبوو لە دژمان و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دادگا و دادوەری بەڕێز بووین.

بەڵام لە گەڕێکی تری شەر فرۆشی و پیشەی ھەمیشەییان دەستیان بردووە بۆ نائەخلاقی ترین و ترسنۆکانەترین کاری نابەجێ و لە ڕۆژی ٢٥/٤/٢٠٢٣ کە زانیویانە ئێمە لە سەفەری دورین و لە سنوری چەمچەماڵ نین، بە سێ سەیارە مەفرەزەیەکی تایبەت و برای کوژراوەکەی پارساڵ کاکە سەرھەدی جەستە کەم ئەندام و بێ تاوان و دور لە ھەموو ململانێیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیان شەھید کرد، لەکاتێکدا لەسەر ڕووداوەکەی ساڵی پاریش سکاڵا لەسەر ئەو تۆمار نەکرابوو.

بەڵێن بە ڕوحی پاکی سەرھەدی جوانەمەرگ و خەڵکی کوردستان ئەدەین کە تا دوا ھەناسە کۆڵ نادەین و تێدەکۆشین بۆ بەرقەرار کردنی دادپەروەری و کەشێکی ئازاد و ئارام لە کوردستاندا و ئاسودە کردنی ڕۆحی سەرھەدی جوانەمەرگ و بێتاوان.

بەڵێنی کۆتایشمان بەردەوام بوونە لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر بە ڕابەرایەتی مەرجەعی باڵای گەلی کورد سەرۆک مسعود بارزانی و لە ڕێگای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نەتەوە و نیشتیمانی خۆمان خزمەت دەکەین و دەیپارێزین.

سەرھەد شەھیدی دەستی زوڵمە و کۆستێکی زۆر گرانە، لەبەرئەوەنا کە خوێنی لە خوێنی گەنجەکانی تری کوردستان زیاتر بێت، بەڵکو لەبەرئەوەی کە بێ تاوان و کەم ئەندام و دوور لە ھەر ململانێیەک و بە تەنیا و بێ چەک شەھید کراوە.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال