پێگەی (ئەلمۆنیتۆر)ی ئەمریكی: لەنێو دژەتیرۆری یەكێتییەوە شوێنی مەزڵووم عەبدی بۆ توركیا ئاشكرا كراوە
پێگەیەكی ئەمریكی ئەو لایەنەی ئاشكرا كرد كە شوێنی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات (باڵی سەربازیی پەكەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان)ی بۆ توركیا دیاری كردووە.
بەپێی راپۆرتێكی پێگەی (ئەلمۆنیتۆر)ی ئەمریكی كە لە زاری ”ژمارەیەكی زۆری سەرچاوەی هەرێمی“یەوە بڵاوی كردۆتەوە، بەرپرسانی دژەتیرۆری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (CTG) زانیارییان لەبارەی شوێنی مەزڵووم عەبدی بە توركیا داوە.
هەمان پێگە ئاشكرای كردووە كە ئەو سەرچاوانەی زانیارییەكانیان پێداوە، پەیوەندیی باشیان لەگەڵ لایەنە هەواڵگرییەكان هەیە و بۆیان دەركەوتووە ئەوانەی لەنێو دژەتیرۆری یەكێتییەوە زانیارییەكانیان بە توركیا داوە، لەوانەن كە لە شێوازی توندی بافڵ تاڵەبانی ڕازی نین.
هەر بە گوێرەی هەمان راپۆرت، توركیا بە تەواوی لەوە نیگەرانە كە بافڵ تاڵەبانی خۆی وەك دۆستی پەكەكە و گرووپەكانی سەر بەو حزبە نیشان دەدات.
پێشتر چەندان سەرچاوە بۆ (بارزانی پۆستیان) رایانگەیاندبوو كە بافڵ تاڵەبانی خیانەتی لە مەزڵووم عەبدی كردووە و خۆی خەبەری شوێنی مەزڵووم عەبدی لە سلێمانی دركاندووە، تەنانەت سەرچاوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە تووڕەبوونی بافڵ و قوباد تاڵەبانی و پەلامارەكانیان بۆ سەر لایەنەكانی دیكە، هۆكارەكەی ئەوەیە كە دەستیان ئاشكرا بووە و بۆ هەموو لایەك دەركەوتووە كە ئەوان شوێنی مەزڵووم عەبدییان بۆ توركیا دەستنیشان كردووە.