بارزان قەساب پارتی بوو مەخموری ئازادکرد

بارزان قەساب: دژەتیرۆری یەكێتی كە دەڵێن هەولێرمان پاراستووە! پێنج سەعات پاش ئازادكردنەوەی مەخموور گەیشتن

”بیانتوانیبایە ڕێ لە هێرشی داعش بگرن، جەلەولایان بۆ داعش چۆڵ نەدەكرد“

بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر كە یەكێك بوو لەو فەرماندانەی لە گرتنەوەی یەكەمین ناوچەی هەرێمی كوردستان لەدەست تیرۆریستانی داعش بەشدار بووە، ئاشكرای دەكات، ئەوانەی ئێستا دەڵێن هەولێرمان لە داعش پاراستووە \مەبەستی دژەتیرۆری یەكێتییە\ نزیكەی پێنج سەعات دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی مەخموور، بۆ دەربڕینی خۆشی چوونەتە مەخموور.

پاش دەرچوونی فەرمانی گرتن لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی ناوخۆی عەرەب كە سەر بە كۆمكاری عەرەبییە بۆ تیرۆریست وەهاب هەڵەبجەیی، فەرماندەی دژەتیرۆری یەكێتی، ئەو دەزگا تێوەگلاوە لە كردەوەی تیرۆریستی بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو شەرمەزارییە، راگەیاندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەكات گوایە كاتی ئەوان هەولێریان لە هێرشی داعش پاراستووە!

لە بەرامبەردا بارزان قەساب، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر كە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی ناحیەی گوێڕی لە ڕۆژی 10ی ئابی 2014 كردووە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”ئەوەی لە 2014 رووی دا، هێرشی داعش سەرتاسەری بوو، لە گوڵاڵە تا شنگال هێرش دەستی پێکرد، هەر سنوورێک بەشی خۆی هێزی هەبوو، وەک چۆن لە هەولێر بەرەمان هەبوو، لە سنووری گوڵاڵە و خانەقینیش هەبوو، بە هەمان شێوە لە جەلەولا (گوڵاڵە) داعش هێرشی کردبوو و ئەو سنوورانەی گرتبوو، لە هەولێر دەستی بەسەر گوێڕ و مەخمووردا گرت، لە سنووری دهۆک هەتا ناوەران هات و دەستی بەسەر شنگالدا گرت، لە دوای 7 و 8ی مانگ تیمەکانی هێزی هاوپەیمانان هاتن و لە هەولێر ژوورێکی ئۆپەراسیۆنیان دانا.“

گوتیشی: ”ئەوەبوو بڕیار درا هێرش بکرێتە سەر گوێڕ و مەخموور بۆ ئازادكردنیان، ئەو رۆژە بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەو شەڕەدا هاتنی هاوپەیمانان لە 10ی مانگ، یەکەم لێدانیان لە گوێڕ لە داعش دا، لە هێرشی گوێڕ و مەخموور هێزەکانی ئاسایشی هەولێر و چەند تیمێکی زێرەڤانی تێیدا بەشدارییان کرد، ئاسایش 210 کەس تێیدا بەشدار بوون، میحوەرەکان هەمووی بە ناو و دیکۆمێنت ماون، بە شاهێدی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەرەبەیانی ئەو رۆژە شەڕ دەستی پێکرد و تا نیوەڕۆ کاتژمێر 11 گوێڕ كۆنتڕۆڵ کرا، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی گوێڕ، برادەران سووڕانەوە بۆ سنووری مەخموور، تیمەکانی ئێمە لەگەڵ تیمەکانی میحوەری مەخموور، هەموویان لە قەرەچووخ بوون بە ئاراستەی مەخموور.“

بەرپرسی ئاسایشی هەولێر گوتیشی: ”لەناو مەخموور لە یەک شوێن داعش لە كاتی کشانەوەدا شەڕیان کرد، ئەوەبوو لە سەعات 11 بۆ سەعات 3ی پاشنیوەڕۆ، مەخموور تەقەی تێدا نەما، بەڵام لە کشانەوەی داعش هەندێک تەقە کرا، ئەو رۆژە لە گرتنەوەی گوێڕ و مەخموور یەک كەسی ئاسایشمان بە ناوی (سەرکەوت) لەنێو گوێڕ شەهید بوو، هەروەها 11 كارمەندی دیكەی ئاسایش بریندار بوون، هیچ هێزێکی دیکە نە برینداری هەبوو نە شەهید، ئەوە بۆیە باس دەکەم، چونکە هەمووی دیکۆمێنت کراوە، ئەوەش شاهێدی دەدات کە (دژەتیرۆری یەكێتی) لە شەڕەکەدا لەگەڵمان بەشدار نەبووە.“

بارزان قەساب، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ”ئەو رۆژە هاووڵاتییانی مەخموور و گوێڕ و هەولێر لەبەر ئەو سەرکەوتنە گەورەیە، وەک گێڕانی ئاهەنگی سەرلاكەوتن دەڕۆیشتن بۆ مەخموور و تەقەیان بە ئاسماندا دەکرد.“

سەبارەت بەوەی دژەتیرۆری یەکێتی خۆی لە سەركەوتنەكە کردووە بە ساحێب، بارزان قەساب دەڵێ: ”ئەو لایەنانە دوای ئازادكردنی یەكجارەكیی گوێڕ و مەخموور چوونە ناو مەخموورەوە، نەک بۆ پاڵپشتیی شەڕەکە، بەڵكوو بۆ دڵخۆشیی خۆیان هاتوون، ئەو دژەتیرۆرەی یەكێتی هەر لەناو شەڕدا نەبوون، كە ناوی هێزی هاپەیمانانم هێنا، هەمووی دیکۆمێنتە لە لایان.“

گوتیشی: ”ئەو قسانەی دەیکەین لێی بەرپرسیارین، ئەو رۆژەش تەلەڤزیۆنی (ئێن بی سی) پەیامنێریان لەگەڵمان بوو، دوای 4 بۆ 5 كاتژمێر، ئەو هێزانەی ئەوان لەگەڵ خەڵکەکە چوونە مەخموور، ئەگەر وێنە و ڤیدیۆکانی هەر لایەنێک تەماشا بکەین هاووڵاتییانیان لەگەڵە، بەڵام وێنە و ڤیدیۆکانی ئێمە ببینە لە کاتی شەڕ هاوووڵاتیمان لەگەڵ نین، چونکە ئەو خۆبەخش و هاووڵاتییانە لە دوای شەڕ هاتنە ناو سەنگەرەکان، ئەو هێزانە بۆ خۆشیی هاتوون، هەندێک مێژوو هەیە ناگۆڕدرێ، ئەگەر لە شوێنێک شەڕ بکرێ، هاووڵاتی ناتوانێ لەنێو هێرشەكە و لە گەڕمەی شەڕەكە پێ بە پێ لەگەڵت بێ.“

بارزان قەساب، بۆ (باسنیوز) ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ”ئێمە وەک کورد دوژمنمان زۆرە و شەڕی دیکەشمان لەپێش دەبێت، هیواخوازین هیچ روو نەدات، هیوادارین کەس شەڕی ئەویدی نەکات، چونکە من ناتوانم بڵێم هێزەکانم چوون لە گوڵاڵە شەڕیان کردووە، مەبەستمان ناوچەگەرێتی نییە، بەڵام لە ئامادەباشیدا بووین، هاوپەیمانان تۆماریان کردووە و  لە 10ی مانگ فڕۆکەکانیان بۆردومانیان کردووە، ئێمەش شەڕی ئازادكرنمان كردووە، ئەگەر دژەتیرۆری یەكێتی بیانتوانیبایە ڕێ لە هێرشی داعش بگرن، جەلەولایان بۆ داعش چۆڵ نەدەكرد

أحدث أقدم

نموذج الاتصال