سوپای ئیسرائیل تەرمی بارمتەیەکی ئیسرائیلی دەستی حەماس دەدۆزێتەوە


 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند تەرمی بارمتەیەکی ئیسرائیلییان لە نزیک نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە دۆزیوەتەوە کە لە 7ی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەماسەوە رفێندرابوو.

سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، تەرمی یەحودت وایس لە باڵەخانەیەکی نزیک نەخۆشخانەی شیفا دۆزراوەتەوە.

لە راگەیاندراوی سویای ئیسرائیل ئەوەش هاتووە، پرۆسەی ناسینەوە بۆ تەرمەکە ئەنجامدراوە و خانەوادەکەی ئاگادارکراوەتەوە. سوپای ئیسرائیل باسی لەوە نەکردووە کە هۆکاری مردنی یەحودت وایس چی بووە کە وا دەردەکەوێت کە لە شەستەکانی تەمەنیدا بێت.

ئەمە دووەم تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەکانە کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە غەززە دەدزۆرێتەوە دوای ئەوەی لە مانگی رابردوو تەرمی شانی لوک دۆزرایەوە.

بەپێی ئەو ئامارەی سوپای ئسیرائیل بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە 240 بارمتەی ئیسرائیلی لای حەماس بوونیان هەیە، بەڵام حەماس دەڵێت زیاتر لە 50 بارمتە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە کوژراون.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال