وتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەلوتکەی جیهانی حکومەتەکان


 ‎مەسرور بارزانی: ئێمەی كورد داوایەكی رەوامان هەیە، دۆست و هاوپەیمانەكانیشمان دانیان بە مافەكانماندا ناوە

‎سەرۆكی حكوومەت وتارێكی لە لوتكەی جیهانیی حكوومەتەكان پێشكەش كرد

‎دەقی وتارەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:

‎بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

سڵاو و ڕێز لە هەمووتان

‎پێش ئەوەی وتارەكەم دەست پێ بكەم. دەمەوێ سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خەڵك و حكوومەتی ئیمارات و شانشینی بەحرەین و خێزانی ئەو سەربازانە بكەم كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی كردەوە تیرۆریستییەكە گیانیان لەدەست دا.

‎بەڕێزان ڕێكخەرانی لوتكەی جیهانیی حكوومەتەكان، میوانانی هێژا، ئەم كاتەتان باش.

‎خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە دەستپێكی ئەم كۆبوونەوەیەی بیرمەندان و سەركردە جیهانییەكان قسەتان بۆ بكەم. دڵخۆشم جارێكی تر گەڕامەوە دوبەی و دەمەوێ پێزانینی خۆم پێشكەش بە بەڕێز (محەمەد بن زاید ئالنەهیان) و شێخ محەمەد بن ڕاشد ئالمەكتوم بكەم و سوپاسیان دەكەم بۆ ئەو كارە باشەی كردوویانە لە دۆزینەوەی ئاسۆیەك و رێگەی نوێ بۆ ئەوەی توانای خۆمان تاقی بكەینەوە.

‎ئێستا ساتێكە بۆ ئەوەی پێكەوە كار بكەین، دەرفەتێكە بۆ ئەوەی خۆمان تاقی بكەینەوە و كار بكەین، ئەمە ئاڵنگارییەكە بۆ ئەوەی لەبەرچاوی بگرین.

‎من ئەمڕۆ وەك سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان - عێراق قسەتان بۆ دەكەم. ئەو هەرێمەی بە درێژایی دوو دەیەی ڕابردوو، لە پاشماوەی عێراقی پێشوو خۆی ڕێكخستۆتەوە. هەروەها قسەتان بۆ دەكەم وەك كەسێك كە شان بە شانی ئەو كەسانەی كە بڕیاربەدەستن لە ناوچە خۆشەویستەكەمان و پێكەوە ڕووبەڕووی زۆر ئاڵنگاری بووینەتەوە.

‎لێرەدا بە شێوەیەكی بەرچاو لە شێوەی لیستێك ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریی بووینەتەوە، جەنگ، یاخیبوون، سەختییەكان و نەبوونی سەقامگیریی ئابووری بەداخەوە بوونەتە بەشێك لە پێكهاتەمان. ناكرێ نكۆڵیش بكەین لەو تێچووەی كە لە ئاكامی ئەم ئاڵنگارییانە لەسەر شانمانە.

‎لە میانی گفتوگۆكانم لەگەڵ بڕیاربەدەستانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دركم بەوە كردووە كە ئەوانیش خواستێكیان هەیە بۆ ئەوەی پێكەوە لەم نەهامەتییانە دەرباز بین. لە سەرانسەری جیهانیش، ناوچەكەمان خواستی لەسەرە و ئیرادەیەكیش هەیە كە ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە ببینەوە. خەڵكیش لەسەر ئاستی تاك و كۆمەڵ چاویان لەوەیە كە مافی خۆیان و چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن. مافی ئەوەشیان هەیە كە چارەنووسیان دیاری بكەن و پێویستە ژینگەیەكیان بۆ دەستەبەر بكەین كە بتوانن بە ئاسوودەیی بژین.

‎من پێموایە لێرە چوار هەنگاو و پایە هەن كە هەوڵی بۆ دەدەین، ئەوانیش: سەقامگیریی سیاسی، ئاسایش، پێشكەوتنی ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، هەموو ئەوانە پرسگەلێكی ئاڵۆزن و هەریەكەیان ڕێبازێكی تایبەت بە خۆیان هەیە.

‎گومانی تێدا نییە كە ژمارەیەك بابەتی جیۆسیاسی لە ناوچەكەدا بۆ ماوەیەكی زۆر لە سەبەتەی كێشەكاندا ماونەتەوە. بۆچی ماونەتەوە؟ پێویستە بڕیارێكی بوێرانە هەبێت بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكەین. ئەو قەیرانانەشی كە لە فەڵەستین هەن بۆ زۆر لە ئێمە جێگەی نیگەرانین، بەهۆی ئەو قەیرانە مرۆییەی كە لە ناوچەكەدا هەیە. هەروەها هۆكارە ڕیشەییەكان و بنەما بنچینەییەكانی فەڵەستینییەكان، ماوەی هەشتا ساڵە چارەسەر نەكراون، ئەگەر چارەسەر بكرانایە ئێمە ئەم تراژیدیایەی ئێستامان نەدەبینی. لە جیاتی ئەمە، پرسەكە پشتگوێ خراوە و ئاڵۆزتر بووە. لە كاتێكدا كە خاوەن بەرژەوەندییەكان ئەم بۆشاییانەیان وەك دەرفەتێك بۆ ئەجێندای خۆیان بەكار هێناوە. دەكرێ هەمان پێناسەش بۆ گەلی كورد هەبێت، ئێمەش داوایەكی رەوامان هەیە بۆ بڕیاردان، بۆ ئەوەی مافی چارەی خۆنووسینمان هەبێت. دۆست و هاوپەیمانەكانیشمان دانیان بەوەدا ناوە، بەڵام لە هەمان كاتدا پێمان دەڵێن كە ئەم پێویستییە سیاسییانە كۆسپ دەخەنە بەردەمیان كە هاوكاریمان بكەن. داوامان لێ دەكرێت ئەم نادادپەروەرییە قەبووڵ بكەین، لە كاتێكدا نادادپەروەری بووەتە خۆراكێك بۆ نایەكسانی، هەژاری و گەندەڵی و ناسەقامگیریی سیاسی. پێویستە هەست بكەین كە بەشێك لە دادپەروەریی سرووشتی بەدەست هاتووە، پێویستە ڕێگە بدرێت بە گوێرەی مەرجە تایبەتەكان، نەخشەی ئاییندەی خۆیان بكێشن. نابێت هیچ كەسێك لە ڕێزگرتن لە مافی نەتەوەیی بترسێت، یانیش ئێمە لە مافی گەلان بترسێین.

‎سەبارەت بە ئەمنییەت، پێویستیمان بە هەوڵی زیاترە بۆ چارەسەركردنی ئاسایشی گشتیمان. هاوكاریی هەرێمایەتی بۆ شكست پێهێنانی داعش نموونەیەكی درەوشاوەیە بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگرین كە چۆن ئامانجەكانمان بەدەست بهێنین.

‎وەك ئەوەی دەیبینن، گرژییەكان لە غەززە، لە عێراق، لە سووریا و دەریای سوور زیاد دەبن، ئەمە بۆتە پێویستییەكی حەتمی تاكوو پلانێكی نوێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانی و هەرێمایەتی و جیهانییەكانمان هەبێت. ئەوانەی بە شوێن شەڕدا دەگەڕێن و لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان هەڕەشە لە دراوسێكانیان دەكەن، پێویستە بە بەرپرسیار بناسێندرێن.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال