کورد و سونە داوایان نەکردوە ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە


بەڕێوەبەری سەنتەری شیکاریی سیاسیی و سەربازیی لە پەیمانگەی هدسن لەبارەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا کورد و سوننەکان داوای کشانەوەی ئەو هێزانەیان نەکردووە.

رۆژی هەینی (9ـی شوباتی 2024) ریچارد وایتز، بەڕێوەبەری سەنتەری شیکاریی سیاسیی و سەربازیی لە پەیمانگەی هدسن لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8:00ـی کوردستان24 رایگەیاند، ئەمەریکا بە پاساوی بوونی چەکی کۆکوژ هاتە عێراق و سەرکەوتووبوو لە رووخانی رژێمی سەدام.

ریچارد وایتز ئاماژەی بەوەکرد، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق داواکاری هەموو عێراقییەکان نییە، بەتایبەتی کورد و سوننەکان و گوتیشی، ئێستا شیعە دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا گرتووە، بەڵام لە شیعەکانیشدا بەشێکیان بە روونی داوای کشانەوەی ئەمەریکایان نەکردووە تەنیا ئەوانە نەبێت کە سەر بە ئێرانن.

لەبارەی پاڵپشتییەکانی ئەمەریکا، وایتز گوتی: عێراق بەبێ پاڵپشتی ئەمەریکا ناتوانێت لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت بەڵام ئەم پرسە پەیوەندی بە خواستی پێکهاتە سەرەکییەکانەوە هەیە، ئایا سوننەکان حکومەتی ئێستای عێراق بە هی خۆیان دەزانن یان دەیانەوێت هەرێمی خۆیان هەبێت، لە بەرامبەردا، هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی روونی هەیە کە چییان دەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا، دوای کشانەوەی ئەمەریکا هەژموونی ئێران و سعوودیە زیاتر دەبێت و ئاماژەکان بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە باشنین.

ئەو شرۆڤەکارە ئەمەریکییە بە ئەستەمی زانی ئێستا سوننەکان ببنە خاوەنی هەرێمی خۆیان هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، چونکە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان سەقامگیری ئاسایشی و داراییان نییە و بەهێزنین، بۆیە سیاسەتی بایدنیش گۆڕاوە وەک سەرۆکی ئەمەریکا کە پێشتر لە کۆنگرێس بوو، باسی لە بیرۆکەی دابەشکردنی عێراقی دەکرد بۆ سەر چەند هەرێمێک

أحدث أقدم

نموذج الاتصال