دوای 31 ڕۆژ لە ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کردووە؛ پێداچوونەوەی بۆ بکەن، گۆڕانکاری تێدا بکەن و دووبارە بۆیان بنێرنەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سەرجەم وەزارەتەکانی ئاگادارکردووەتەوە، پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانیان بکەن و بەزووترین کات بۆیان بنێرنەوە.
ئەم مانگە وەزارەتی دارایی عێراق بیانووێکی نوێی گرتووە، پێداگرە لەسەر ئەوەی لێبڕینی خانەنشینی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق هاوتابکرێت کە لە کوردستان ڕێژەکەی 7% و لە عێراق ڕێژەکەی 10% یە، بەمەش مووچەی سەرجەم فەرمانبەران 3% کەمدەکرێتەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند ئەمڕۆ سەرجەم وەزارەتەکان لیستی مووچە بە گۆڕانکاری لێبڕینی خانەنشینی 10% ئامادە دەکەن و سبەی پێنجشەممە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت."
تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا یەک ملیار و 426 ملیۆنی وەک مووچەی مانگی حەوت خەرج کردووە، کە دەکاتە (00.14%)ی کۆی تەمویلی مووچەی مووچەخۆران، بەڵام تاوەکو ئێستا نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.