نوێنهری حكوومهتی ههرێمی كوردستان له ئهمهریكا راگهیاند، کۆنگرێس یاسایەک پەسەند دەکات کە پشتگیرى لە هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان دەکات و باسی پشتیوانیی زهمینی و ئاسمانیی ئهمهریكا بۆ خۆپارێزیی ههرێمی كوردستان و ڕووبهڕووبوونهوهی تیرۆر دهكات.
تریفه عهزیز، نوێنهری حكوومهتی ههرێمی كوردستان له ئهمهریكا، له لێدوانێكی تایبهتدا بۆ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "هەفتەى ڕابردوو، کۆنگرێسى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا یاسای دەسەڵاتپێدانى بەرگریی نیشتیمانى (بودجەى وەزارەتى بەرگرى) بۆ ساڵى ٢٠٢٥ پەسەند کرد، کە پشتگیریى زیاتر بۆ هێزەکانى پێشمەرگە لەخۆ دەگرێت كه سەرۆک بایدنیش لە ڕێکەوتى ٢٤/١٢/٢٠٢٤ لە ئێوارەى جەژنى کریسمیس دا واژۆى لەسەر یاسایەکە کرد و دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
تریفه عهزیز پهیوهست به وردهكاری زیاتری پڕۆژهكهوه گوتی، "لە یاساکەدا بودجە تەرخان کراوە بۆ پشتگیرى لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و مەشق و دابینکردنى کەلوپەل بۆ هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق. هەروەها بڕگەى تایبەت لەخۆ دەگرێت بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنى کەلوپەلى سەربازى بۆ هێزەکانى پێشمەرگە لە کاتى خۆیدا.
نوێنهری حكوومهتی ههرێمی كوردستان له ئهمهریكا ههروهها گوتیشی: "هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو، یاسای دەسەڵاتپێدانى بەرگریى نیشتیمانى بەردەوامە لە پشتگیریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانى دژ بە داعش لە عێراق و سووریا. یاسای دەسەڵاتپێدانى بەرگریى نیشتیمانى بۆ ساڵى ٢٠٢٥، کۆنگرێس بڕى پارەى تەرخانکراوى بۆ سندووقى دابینکردنى کەلوپەل و مەشق و ڕاهێنان بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر زیاد کردووە بەڕێژەى ٥٧% یاخود ١٣٠ ملیۆن دۆلار بۆ عێراق. تێکڕاى پارەى تەرخانکراو بۆ عێراق ($380.8) ملیۆن دۆلارى ئەمەریکییە و هەروەها نزیکەى ١٤٨ ملیۆن دۆلار بۆ سووریا تەرخان کراوە. بەشێکى گرنگى ئەو هاوکارییەى کە لەو سندووقەدا بۆ عێراق تەرخان کراوە، بۆ پشتگیریى هێزەکانى پێشمەرگە دەبێت، کە ئەمەش نیشانەى ڕۆڵى گرنگى هێزەکانى پێشمەرگەیە لە بەشداریکردن لە سەقامگیریى ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر.
تریفه، پهیوهست به هاوكارییهكانی ئهمهریكا بۆ هێزی پێشمهرگه ئاماژەش دەدات، "كه یاساى دەسەڵاتپێدانى بەرگریى نیشتیمانى بۆ ئەمساڵ جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگیى دابینکردنى توانای بەرگریى ئاسمانى بۆ هەرێمى کوردستان. ئەم بڕگەیە پێشووتر لە یاسایى ساڵى ٢٠٢٤ لەلایەن کۆنگرێسەوە پێشکەش کرا، کە جەختکردنەوە بوو لەسەر پێویستیى دڵنیابوون لەوەى کە هەرێمى کوردستان تواناى ئەوەى هەیە خۆى بپارێزێت و هەروەها سەلامەتیى لایەنەکانى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى کە لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن.
تریفه عهزیز زیاتر گوتی، "لە ڕێگاى چارەسەرکردنى ئەم بەرنامە لەپێشینە ئاسایشییە، یاساى دەسەڵاتپێدانى بەرگریى نیشتیمانى دان دەنێت بە ڕۆڵى ستراتیژى هەرێمى کوردستان لە هاندان بۆ سەقامگیرى و بەرەوپێشبردنى بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە شەڕى دژ بە تیرۆر و هەڕەشە فراوانەکانى ترى ناوچەکە. باشترکردنى سیستەمى بەرگریى ئاسمانى نەک تەنیا بەهێزکردنى ئاسایشى هەرێمە، بەڵکو بەشدارییە لە سەلامەتیى هێزەکانى هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماسییەکان و ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکان، کە بارەگایان لە ناوچەکەدا هەیە.