سەرۆك وەزیرانی عێراق داوا لە كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان دەكات، پەلە بكەن لە دەست پێكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوت بەرەو بەندەری جیهان لە توركیا.
ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٥، لە میانی پێشوازیكردنی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە كرد كە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە هاوبەشەكان، بە تایبەتیش لەژێر ڕۆشنایی تێپەڕاندنی دوایین هەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراق، دەستی پێكردووە و ئەمەی بە خزمەتكردنی بەرژەوەندیی نیشتمانی و بەهێزكردنی ئابووریی عێراق و پڕكردنەوەی داوكاارییەكانی گەل لە قەڵەم دا.
هەر بەپێی راگەیاندراوەكەی نووسینگەی سوودانی، لە كۆبوونەوەكەدا محەمەد شیاع سوودانی ”جەختی لە زەروورەتی پەلەكردن لە دەست پێكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان لە لایەن كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان و دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جیهان لە توركیا كردۆتەوە.“