هەواڵگریی عێراق:
ئەگەری هەیە هێرشی داهاتووی ئیسرائیل بۆ سەر بەغدا بێت
هەفتەی رابردوو سوپا ئیسرائیل كۆبوونەوەیەكی بزووتنەوەی حەماسی لە دۆحەی پایەتەختی قەتەڕ كردە ئامانج، هێرشەكە سەركەوتوو نەبوو و كاردانەوەیەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام بەو هەنگاوە ئیسرائیل پەیامی بە تەواوی وڵاتانی ناوچەكە گەیاند كە هیچیان لە هێرشی سەربازی بەدوور نین، بەتایبەتی ئەوانەی نەیارانی دەحەوێننەوە، هەواڵگریی عێراق پێشبینیی هێرشێكی هاوشێوەی دۆحە بۆ سەر بەغدا دەكات.
وەك لیژنەی ئاسایشی و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات، دەزگای هەواڵگری و راوێژكاریەتی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هەڵسەنگاندنێكی بەپەلەیان پێشكەش محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، بەوەی ئەگەری هەیە عێراق ئامانجێكی داهاتووی بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە ماوەی كەمی داهاتوو بێت.
بەپێی زانیارییەكانی لیژنە پەرلەمانییەكە كە لە دەزگای هەواڵگریی عێراقەوە وەرگیراوە، ئەگەر ئیسرائیل بیەوێ بەرەیەكی تری شەڕ لە ناوچەكە بكاتەوە، بەرەی عێراق دەبێت، چونكە تەلئەبیب پێی وایە زیاترین چالاكیی ئێران لە عێراقە و گۆڕەپانی عێراق بووەتە قووڵایی ستراتیجیی حزبوڵای لبنانی لە دوای لەدەستدانی ئێران بۆ بەرەی سووریا.
لای خۆیەوە عارف حەمامی پەرلەمانتاری شیعە گوتی، ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوە عێراق لە لایەن ئیسرائیلەوە هێرشی بكرێتە سەر ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك، لە سایەی بوونی چەندان گۆڕانكاری، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ساتێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی كۆشكی سپی گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵكرد بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتە عەرەبییەكان و دواترینیان قەتەڕ بوو، كە هاوپەیمانێكی بەهێزی واشنتنە، ئەوەش بەڵگەیە كە ئیسرائیل پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان نییە، بۆیە عێراق لە هێرشێكی ئیسرائیل دوور نییە و پێویستە هەمووان وریا بن.