موچەی مانگی 9 پێش هەڵبژاردن خەرج دەکرێت؟

دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشت، وەزارەتی دارایی کوردستان دەستی بە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی کردووە بۆ مووچەی مانگی 9

لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، وەزیرانی کورد داوا لە سوودانی دەکەن پیش هەڵبژاردن مووچەی مانگی 9 خەرج بکات.

دوای ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی کوردستان مانگانە بۆ خەرجکردنی مووچە سێ پابەندی لەسەرە، بۆ مووچەی مانگی 9 هەر سێ پابەندییەکەی جێبەجێ کردووە.

حکومەتی کوردستان بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 9 سێ پابەندی لەسەرە:

یەکەم؛ لیستی مووچەی مانگی نۆ، 27 ڕۆژە بۆ بەغدا نێردراوە، وردبینی بۆ کراوە و هیچ کێشەی نییە.

دووەم؛ میزان موراجەعە - تەرازووی پێداچوونەوە کە ڕاپۆرتی خەرجی و داهاتەکانە، لە قۆناغی کۆتاییدایە، ئێستا 95%ـی تەواو بووە و تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە 100%ـی تەواو دەبێت.

سێیەم؛ ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی مانگی نۆ، تەواوی پارەکە بە کاش کۆکراوەتەوە، 72 ملیار دیناری لە هەولێر و دهۆک و 48 ملیار دیناری لە سلێمانی و ئامادەیە بۆ ناردنی.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی کوردستان ڕایگەیاند ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی 10 لە کۆتایی دایە، لەم ڕۆژانە ئەویش ئامادە  دەبێت و لەگەڵ میزان موراجەعەی مانگی 9 پێکەوە بۆ بەغدا دەنێردرێن.

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق ڕایگەیاند ئەگەر تاوەکو سەرەتای مانگی 11 میزان موراجەعە و داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا بنێردرێن، ئینجا حکومەتی کوردستان و وەزیرانی کورد لە بەغدا هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە و گوشار دروست بکەن، ئەگەری هەیە پێش هەڵبژاردن واتا تاوەکو 11ـی 11، مووچەیەکی دیکە خەرج بکرێت.

سبەی سێشەممە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەیە، حکومەتی کوردستان قسەی لەگەڵ وەزیرانی کورد کردووە سبەی مووچەی مانگی 9 لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی باس بکەن، پێی بڵێن هەموو شتێک ئامادەیە و داوای لێ بکەن و گوشار بکەن پێش هەڵبژاردن مووچەی مانگی 9 بنێرێت.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال