مارک ساڤایا : ملیشیاکان و بانکە گەندەڵەکانی عێراق سزا ددەین



مارک ساڤایا، نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق، ڕایگەیاند؛ زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان (OFAC) ئەنجامداوە. کۆبوونەوەکان تایبەت بوون بە تاوتوێکردنی ئاستەنگەکان و دەرفەتەکانی چاکسازی لە سیستەمی بانکی عێراق، چ لە کەرتی دەوڵەتی و چ لە کەرتی تایبەتدا.

ساڤایا ئاماژەی بەوە کرد، جەختکردنەوەیەکی تەواو هەیە لەسەر بەهێزکردنی حوکمڕانی دارایی، پابەندبوون بە سیستمە جیهانییەکان و لێپرسینەوەی دامەزراوەیی. ڕاشیگەیاند: "ڕێککەوتووین لەسەر ئەنجامدانی پێداچوونەوەیەکی گشتگیر و ورد بۆ هەموو ئەو تۆمار و مامەڵە داراییە گومانلێکراوانەی کە دامەزراوە، کۆمپانیا و کەسایەتییە عێراقییەکان تێیدا بەشدارن."

بەگوێرەی گوتەکانی نوێنەری ئەمەریکا، ئەم پێداچوونەوەیە ئەو دۆسیانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە قاچاخچێتی، سپیکردنەوەی پارە و پڕۆژە داراییە ساختەکانەوە هەیە، وەک سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی دارایی و کاراکردنی چالاکییە تیرۆریستییەکان بەکاردەهێنرێن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ساڤایا ئاشکرای کرد؛ باس لە هەنگاوەکانی داهاتوو کراوە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەی یەکپارچەیی دارایی و دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق تێکدەدەن.

نوێنەری ئەمەریکا ستایشی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد و گوتی: "پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمەریکا لە سەردەمی سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ، لە هیچ کاتێکدا بە ئەندازەی ئەمڕۆ بەهێز نەبووە."



أحدث أقدم

نموذج الاتصال