دەڵتا فۆڕسی ئەمریکا هاتووە سنوری عێراق

شرۆڤەکارێکی سیاسیی و سەربازیی دەڵێت، هێزی دەڵتای ئەمەریکا لە سنووری عێراق جێگیرکراون و بەم زووانە ڕووداوێکی گەورە ڕوودەدەن.

کازم زوبەیدی، شرۆڤەکاری سیاسیی و سەربازیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو گرووپە چەکدارانەی لە ژێر ئاڵای عەقیدە کار دەکەن و دەڵێن چەک پیرۆزە، ڕاستە بۆ ئەوان چەک پیرۆزە، چونکە چەک لای ئەوان بووەتە بیروباوەڕ.

شرۆڤەکارەکە گوتیشی: ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە بەرەی مقاوەمەن، نایانەوێت چەک دابنێن، دەشڵێت، ئێمە دەکەوینە بەرمەترسییەکی گەورە لەلایەن ئەمەریکاوە، بەتایبەتی کە جەختیان لەوەکردووەتەوە، دەبێت چەک لەدەستی دەوڵەت دابێت، هەروەها دەبێت هەموو هێزەکان لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بن.

کازم زوبەیدی ئاماژەی بەوەشدا، میلیشیاکان خۆیان خستووەتە دۆخێکی هەستیارەوە، چونکە هەموو لایەنە سیاسیی و حکوومیەکان و سەرۆک وەزیرانیش باسیان لەوەکردووە دەبێت چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت، بۆیە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت، چەکی دەستی ملیشیاکان لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتە و دەبێت سزا بدرێن.

شرۆڤەکارەکە ڕاشیگەیاند، پێم وایە بڕیارەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە بێ هۆکار نییە و ڕێنماییان بۆ هاتووە، ئیرادەیەک هەیە و لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەسەریان داسەپێنراوە. ئەمەش گوتەی خۆیانە و دەڵێن ئێمە لەگەڵ ئێرانین و ئەوان چی بڵێن ئێمە جێبەجێ دەکەین.

کازم زوبەیدی باسی لەوەشکرد، بەرەی مقاوەمە بەکردارەکانیان سەلماندوویانە چەکی دەستیان چەکی ئێرانە، ئێمە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورەین لەگەڵ ئەمەریکا، بۆیە ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت عێراق تووشی شین و ڕۆڕۆ دەبێت.

گوتیشی: لە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکاندا ئەو زانیارییانە بڵاوبووەتەوە، کە دەگوترێت هێزی دەڵتای ئەمەریکا کە مادورۆی سەرۆکی ڤەنزوێلایان دەستگیرکرد، هاتوونەتە سەر سنووری عێراق، هێزە تایبەتەکەی ئەمەریکا لە دیوی سووریا و ئوردنن، بۆیە بەم نزیکانە ڕووداوێکی گەورە لە عێراق ڕوودەدات.

شرۆڤەکارەکە دەشڵێت، ئەگەر برەی مقاوەمە لەسەر دانەنانی چەکەکانیان بەردەوام بن، ئەوە ئەمەریکا هێرش دەکاتە سەر گرووپە چەکدارەکان و بنکەکانیان، وە هێرش دەکەن سەر سەرکردەکانیان، ئەمەش قسەی من نییە بەڵکو قسەی وەزیری جەنگی ئەمەریکایە، کە دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا لێدوانی لەوبارەوە داوە.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال