مارکۆ روبیۆ پەیوەندی بە سودانی کرد

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی عێراقەوە قسەی کرد.

واشنتن هۆشداری دەداتە بەغدا و جەخت لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق دەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە تۆمی پیگت، جێگری سەرەکیی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و تێیدا، مارکۆ ستایشی دەستپێشخەری و سەرکردایەتی حکومەتی عێراقی کردووە لە خێراکردنی پڕۆسەی گواستنەوە و زیندانیکردنی ئەندامانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق.

 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق داوە و جەختی کردووەتەوە، کە دەبێت عێراق ڕێگری لە دەستوەردان و کاریگەرییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەیان بکەن. جگە لەمەش، "پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا بەهێزتر بکەن."

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا مارکۆ روبیۆ زیاتر جەختی دەکاتەوە: "حکومەتێک کە ئێران کۆنترۆڵی دەکات ناتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق بکات."، بەڵکو بگرە زیانیش بە بەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا دەگەیەنێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، گرووپێکی 150 کەسی داعش، لە حەسەکە زیندانی کرابوون، نێردراون بۆ عێراق. بەرپرسانی ئەمریکاش ئاماژە بە ناردنی 7000 تیرۆرستی دیکەی داعش لە چەند ڕۆژی داهاتوو بۆ عێراق دەدەن.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال