هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەی نەوت ڕێکەوتن


هەولێر و بەغدا رێککەوتنیان لەسەر پرسێکی گرنگ ڕاگەیاند، لەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کە دەبێتە گەرەنتی بۆ ناردنی مووچە لە وادەی خۆیدا.


ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، هەولێر و بەغدا رێكکەوتنیان ڕاگەیاند لەسەر ئەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت دەست بە کارکردن و بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە.

ڕێککەوتنەکە دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان بوو بۆ بەغدا، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بە شێوەیەکی سەرەتایی لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتن.

ئەمڕۆ شاندێکی بالای ئەمنی حکومەتی عێراق هاتە هەولێر بۆ هەمان مەبەست، حکومەتی عێراق ترسی کۆمپانیاکانی ڕەواندووەتەوە و گەرەنتی بە کۆمپانیاکان و حکومەتی کوردستان داوە چیتر رێگە نادات لەناو خاکی عێراقەوە هێرشی مووشەکی و درۆنییان بکرێتە سەر لەلایەن میلیشیاکانەوە.

سەباح نوعمان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: بە ڕێنمایی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، عەلی زەیدی، بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا و دابینکردنی ئاسایشی ئابووری، شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنی فیدراڵی بە سەرۆکایەتیی سوپاسالار عەبدولئەمیر یاروڵڵا، بە ئەندامێتی چەند سەرکردەیەکی باڵای ئەمنی، سەردانی هەولێریان کرد، ئەمەش بۆ تاوتوێکردنی هەماهەنگی هاوبەش و پاراستنی دامەزراوە هەستیارەکانی وڵات.

٠ شاندەکە لەگەڵ گەیشتنیان، زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی ئەنجامدا.

٠ لە کۆبوونەوەکاندا، ڕێککەوتن لەسەر داڕشتنی پلانی ورد بۆ پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان و کۆتاییهێنان بە بەئامانجگرتنیی کۆمپانییە نەوتییەکان کرا، بەجۆرێک کە ئەم ڕێککەوتنە زەمینە خۆش بکات بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی نەوت بۆ بووژانەوەی ئابووری وڵات.

٠ لە کۆبوونەوەکان هەردوولا جەختیان کردەوە، لەسەر بەردەوامی کاری هاوبەشی لە نێوان سوپا و پێشمەرگە، بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان و ڕاوەدوونانی تیرۆر.
٠ ئاسایشی دامەزراوە هەستیارەکان پرسێکی سەروەری وڵاتە و هیچ سازشێکی لەسەر ناکرێت.

بەپێی زانیارییەکان کۆمپانیاکانی نەوت ئامادەکاری پێویستیان کردووە بۆ ئەوەی دەست بە کارکردن بکەنەوە، لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتە دەتوانن ئاستی هەناردەی نەوت بگەیەننە 200 بۆ 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

هاوکات، حکومەت و کۆمپانیاکان دەستپیشەخەرییەکی جۆرییان بۆ عەلی زەیدی کردووە، ئامادەییان دەربڕیوە هەناردەی نەوتی کوردستان ڕۆژانە بۆ 450 هەزار بەرمیل بەرز بکەنەوە، بۆ ئەوەی هاوکاریی حکومەتی عێراق بکەن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی عێراق.

هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان زۆر گرنگە و دەبێتە هۆی زامنبوونی مووچە مانگانە لەکاتی خۆیدا.
أحدث أقدم

نموذج الاتصال