بەهۆیی بێ کوالێتییان عێراق ئۆتۆمبێلی ئیرانی ناکرێت


 وەزیری نوێی پیشەسازیی ئێران دەیویست لە رێگەی عێراقەوە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی ئەو وڵاتە ببوژێنێتەوە، بەڵام ئەم پلانە لە یەکەم هەنگاودا سەرکەوتوو نەبووە و بەگوتەی سەرۆکی رێکخراوی ستانداری ئێران، عێراق بە پاساوی ئەوەی ئۆتۆمبێلە ئێرانییەکان کواڵێتیان نزمە، رەتیکردووەتەوە بیانکڕێت.

 
غوڵامڕەزا شەریعەتی، سەرۆکی رێکخراوی ستانداری ئێران دەڵێت: لە ئێران ئۆتۆمبێل بەپێی یاساکانی ئەوروپا بەرهەم دێنن، بەڵام عێراقییەکان پێداگری دەکەن کە ئێران دەبێت گرنگیی بە لایەنی پارێزراوی (سەلامەتی) و پیسکردنی ژینگەی ئۆتۆمبێلەکانی بدات. چونکە عێراق پابەندی ستاندارەکانی وڵاتانی کەنداوە.
 
بەگوتەی حەمید حوسێنی، سەرۆکی پێشوی ژووری بازرگانیی ئێران و عێراق، عێراق بۆ هاوردەی ئۆتۆمبێل گرنگیی بە هەندێک شتی وەک ئەیرباگ، رێژەی سووتەمەنی و ستۆپ دەدات، بۆیە ئەگەر حکومەت گرنگیی بە کوالێتی ئۆتۆمبێل نەدات، واتە هیچ هەناردەیەک لە ئارادا نابێت.
 
بەپێی راپۆرتی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل لە ئێران، ئەم وڵاتە لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا تەنیا 514 ئۆتۆمبێلی هەناردە کردووە.
 
رەزا فاتمی ئەمین، وەزیری پیشەسازیی ئێران، بەڵێنی دابوو کە ساڵانە یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل هەناردە بکرێ، هەروەها ساڵانە سێ ملیۆن ئۆتۆمبێل بەرهەم بێت و 20٪ لە نرخەکەشی کەم بکاتەوە و بەمجۆرە بوار بۆ هەناردەی ئۆتۆمبێلی ئێرانی بۆ وڵاتانی عێراق، سووریا، پاکستان و لوبنان بڕەخسێنێت.
 
ئۆتۆمبێلە ئێرانییەکان زیاتر لە عێراق و سووریا کڕیاریان هەیە، کە ئەویش زیاتر بەهۆی ئەوەی کە ئۆتۆمبێلە ئێرانییەکان بەنزینی کەمتر دەسووتێنن، بۆیە خواستیان لەسەرە.
 
دیاکۆ ئەفخەم، بازرگانی ئێرانی بە رۆژنامەی تجارەت نیوزی گوتووە، حکومەتی عێراق ساڵی رابردوو بڕیاری داوە کە ئۆتۆمبێل بەپێی ستاندارە جیهانییەکان هاوردە بکات، هەر بۆیەشە ئێران لە بواری هەناردەدا کێشەی بۆ دروست بووە.
 
لە سێ ساڵی رابردوودا ئێران لقێکی کۆکردنەوەی ئۆتۆمبێلی لە عێراق کردبووەوە، بەڵام بەگوتەی حەمید حوسێنی، بەهۆی گەماڕۆکانەوە ئەویش داخراوە و لەبەر رێوشوێنە قورسەکانی عێراق بۆ کوالێتی ئۆتۆمبێل، زەحمەتیشە جارێکی دیکە بکرێتەوە.
 
پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە ئێران 90 ساڵ مێژووی هەیە، بەڵام لەبەر هەندێ هۆکار ئەم پیشەسازییە نەیتوانیوە پێبەپێی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی وڵاتانی دیکەدا رکابەریی بکات.
 
ئێران بۆ پشتگیری پیشەسازیی ئۆتۆمبێل باجی زۆری لەسەر بەرهەمی بیانی داناوە و هاوردەی سنووردار کردووە، ئەمە و نەبوونی رکابەریی دیکە، بوونەتە هۆی ئەوەی کە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلی ئێران هەست بە نەوایەکی ئارام بکات.
أحدث أقدم

نموذج الاتصال