ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، هیچ لایەنێك ناتوانێ ركابەری پارتی بكات و وەك هێزی یەكەم دەمێنێتەوە. دەشڵێت، پارتی لە بەغدا پارێزەری مافەكانی هاووڵاتییان دەبێت.
چنار سەعد ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، راگەیاند، پارتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بەشێوەیەكی زۆرباش بەڕێوە بردووە، چاوەڕێی ئەنجامێكی باش دەكەن لە لایەنگران و جەماوەری پارتی و كەسانی تریش كە دەنگ بە پارتی دەدەن.
ئەگەر لایەنێكیش ململانێمان بكات شتێكی ئاساییە
ئەو هەروەها گوتی، "پارتی حزبی یەكەم دەبێت لە كوردستان، ئەگەر لایەنێكیش ململانێمان بكات شتێكی ئاساییە، چونكە هەڵبژاردن لە خۆیدا ململانێ و ركابەرییە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان."
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوەش كرد، لایەنەكانی تر ناتوانن ركابەری پارتی بكەن و ژمارەی كورسییەكانیان بگەیەننە ئاستی كورسییەكانی پارتی لە بەغدا. پارتی لە هەڵبژاردنی پێشتر گەورەترین فراكسیۆن بوو و ئەمجارەش دەبێتەوە یەكەم.
چنار سەعد پێی وایە، پارتی وەك هەمیشە، ئامانجە باڵاكەی ئەوەیە لە بەغدا ببێتە پارێزەری مافەكانی هاووڵاتییان، بەرگری لە دەستكەوتەكانی گەلی كورد و كوردستان بكات و ئەو مافانە بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر بكات كە شایستەن.
ــــــــــــــــــــــــــ
ووشـــە