قوباد تاڵەبانی: قسەکانی عەتا سەراوی لەسەر مەسرور بارزانی تەعبیر لە رای یەکێتی ناکات

 

جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی قسەکانی عەتا سەراوی لەسەر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، قسەکانی "تەعبیر لە رای یەکێتی ناکات".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "کوردستان لەبەردەم دۆخێکی هەستیاردایە، بۆیە گرنگە هەموو بەرپرسە سیاسییەکانمان کار بکەن لەپێناو یەکڕیزیی گەلەکەمان و دروستکردنی بەرەیەکی نیشتیمانی، نەک قووڵترکردنی درزەکانی نێوانمان".

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەشڵێت، "لێدوانی عەتا سەراوی دەربارەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک تەعبیر لە رای سەرکردایەتیی یەکێتی ناکات و پەسند نییە".

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کردووە، "لایەنە پەیوەندیدارەکانمان بۆ ئەم مەبەستە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ناوبراو [عەتا سەراوی] دەکەن".

عه‌تا سه‌راوی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی رۆژی 03-11-2021 لە هەڤپەیڤینێکدا باسی ژەهرخواردکردنی کرد و مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستانی بە هەوڵدان بۆ ژەهرخواردکردنی تۆمەتبار کرد.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەمان رۆژ روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، عەتا سەراوی کە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتییە "بە شێوازێکی ناڕێک و ئاست نزم، کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما و قسەی هەڵبەستراوی ئاراستەی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، دەبێ لە بەردەم دادگەدا باجی قسە هەڵبەستراوەکانی بدات."
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "هەرچەند ئەو کابرایە [عەتا سەراوی] خۆی ماوەیەک لەمەوبەر بە ئاشکرا رایگەیاند کە لەلایەن هاوسەرۆکێکی پێشووی یەکێتی هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکراوە، کەچی دەیەوێت بەو تۆمەتانە بابەتی ژەهردەرخوارددانی سەرکردەکانی حیزبەکەی لەبیر خەڵک بباتەوە".
 
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا نووسینگەی سەرۆکوەزیران باسی لەوە کردووە، "بۆیە لە بەرامبەر تۆمەتە بێ بنەماکانی رێکاری یاسایی دەگرینەبەر و دەبێت لەبەردەم دادگادا باجی قسە هەڵبەستراوەکانی بدات".

بەشی رۆژنامەڤانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە وەڵامی قسەکانی عەتا سەراویدا رایگەیاند، "په‌لاماردانی ناحه‌قی پارتی، چه‌ند دادی خه‌ڵكانی دیكه‌ی داوه‌، هه‌ر هێنده‌ش دادی ئه‌و [عەتا سەراوی] ده‌دات".

 

أحدث أقدم

نموذج الاتصال