مەلا بەختیار ژەهرخواردکردنی بە "نامەردترین پیلان" ناودەبات و دەڵێت، "سزای رەوا چاوەڕێی تاوانبارەکانە". ئاماژەی بەوەش کردووە کە رۆژی سێشەممە 13-11-2021 لە ئەڵمانیاوە دەگەڕێتەوە سلێمانی.
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "لە نامەردترین پیلانی ژەهرپێدان رزگارم بوو، تەنها سەرشۆڕی و سزای رەوا چاوەڕێی تاوانبارەکانە"، ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بێگومان واز لە مافی خۆم ناهێنم هەرگیز".بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی، ئەو "تاوانەی" بەرامبەری کراوە، "تەنها لەبەر ئەوەیە کە هیچ تاوانێکم نەبووە و نییە، لەبەر ئەوەیە گەندەڵ نیم، لەبەر ئەوەیە تەکەتول نیم، لەبەر ئەوەیە نابم بە کۆیلەی پلە و پایە و پارە".مەلا بەختیار باسی لەوە کردووە کە "ئەگەر بێ هەڵوێست بوومایە، ئێستا منیش خاوەن کۆمپانیا و هەزاران دۆنم ئەرزی حەرام دەبووم".دوای وەرگرتنی چارەسەری ژەهرخواردنەکە، بڕیارە رۆژی شەممە 13-11-2021 مەلا بەختیار لە ئەڵمانیاوە بگەڕێتەوە سلێمانی و فڕۆکەکەی کاژێر 14:30 بە کاتی کوردستان دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و بە گوتەی خۆی "لە مەراسیمێکی جەماوەریدا پێشوازیی لێدەکرێت".
رۆژی 04-11-2021 پزیشکە تایبەتەکەی مەلا بەختیار لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو گوتی، سێ ماددەی جیاواز لە جەستەیدا بووە، ئێستا لە دوایین هەفتەی پاککردنەوەی خوێن و وەرگرتنی چارەسەردایە و تەندروستیی بەرەو باشبوون دەچێت، دەتوانێت هەفتەیەکی دیکە نەخۆشخانە جێبهێڵێت.
رۆژی 30-10-2021 سەرچاوەیەکی نزیک لە مەلا بەختیار رایگەیاند، بەڵگە سەرەتاییەكانی بەردەستی مەلا بەختیار کە بۆ بافڵ تاڵەبانی و دکتۆر خەسرەو گوڵ محەممەد و بەرپرسی ئێستای دەزگای زانیاری نێردراوە دەیسەلمێنێت کە ژەهراویکردنی مەلا بەختیار دەمێكە کراوە؛ كاری دوو مانگ و سێ مانگ نییە. کەسێکی نزیکی مەلا بەختیار پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو لە ئوردن و بەرلین پشکنینی وردیان کردووە و بە بەڵگەی زانستی سەلمێندراوە کە مەلا بەختیار بە "ژەهری جیوە" ژەهرخوارد کراوە.
رۆژی 01-11-2021، مەلا بەختیار، کە ماوەیەک پێش ئێستا بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستییەوە چووە ئەڵمانیا، لە گوتارێکدا، کە لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە باسی لە هەوڵەکانی کوشتن و ژەهرخواردکردنی کردبوو، هەروەها تیشکی خستبووە سەر گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی حیزبەکەی دوای کۆنگرەی چوارەم.گوتارەکە لەژێر ناونیشانی "بەراوردێک لەنێوان ژەهرخواردکردنم و هەوڵی تیرۆرکردنم 25/10/2005" بڵاوکراوەتەوە کە وەکو خۆی باسی دەکات، لە ساڵی 2005 "ترسناکترین هەوڵی تیرۆرکردنم" جێبەجێ کراوە، بەڵام بەهۆی وەرگرتنی چارەسەرەوە نەیتوانیوە بەراوردێک لە نێوان ئەو رووداوە و وەک خۆی نووسیبووی "ژەهرخواردکردنم لەسەر دەستی (هەڤاڵان!!!) بکەم".