سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم: 804 دۆسیەی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت
د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 804 دۆسیەی گەندەڵی لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت و ئەمساڵ 445 داوای سزایی تۆمارکراوە کە ئەم ژمارەیە زۆرترە لە چاو ساڵانی تر.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە کۆنگرەکەدا لەسەر کەیسەکانی گەندەڵی ئەمساڵ رایگەیاند، "لەلای ئێمەدا 121 زانیاری تۆمارکراوە، کە داوای هەواڵدەری 147 داوا تۆمارکراوە، داوای هەواڵدەری ئەو کەیسانەی گەندەڵییە، کە دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەی تێیدا دەکات، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتۆتە ئەوەی بخرێتە بەردەم دادوەرانی دەستپاکی".
شایەنی باسە ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە داوا سزاییەکان وتی، " ئەمساڵ 445 داوای سزایی تۆمارکراوە کە ئەم ژمارەیە زۆرترە لە چاو ساڵانی تر، لەگەڵ ساڵانی رابردوو 560 داوای سزایی لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە".
هاوکات د. ئەحمەد سەبارەت بە کار و چاڵاکیەکانی فەرمانگەی یاسایی ئاماژەی بەوەدا، "ئەمساڵ 94 داوای سزایی تۆمارکراوە، ئێستا لە قۆناغی دادگایی کردندا 121 کەیس لە دادگاییانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی دادگایی کردندان".