پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامی پەلاماری وەحشیانەی تیرۆریستانی داعش لە شەوی ڕابردوو لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچوغ ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی و پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی ئەو كردەوە تیرۆریستیە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای مەزن داواكارم گیانی پاكی شەهیدەكانمان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و دڵنەوایی بە كەسوكار و بنەماڵەكانیان ببەخشێت و هیوای شیفا و چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.
سەرەخۆشی لەو شێرەژنە قارەمانە دەكەم كە سێ كوڕی لە ئەنجامی پەلاماری شەوی ڕابردووی تیرۆریستان گەییشتنە كاروانی نەمران و شەهیدبوون و، لە خودای گەورە داواكارم سەبر و ئارامی پێ ببەخشێت. گوتەكانی ئەو شێرەژنە بۆ هەموومان مایەی ورە و پێداگری و بەردەوامبوونە لەسەر ڕێباز و قەزییە باڵاكانی گەلەكەمان و، لە دڵەوە سوپاسی دەكەم.
ئەوەش ڕادەگەیێنم كە لەپێناو پاراستن و بەرگری لە خاك و نیشتیمانمان، پێویستە پێداچوونەوە و وردبینی زیاتر بە كاروباری هێزەكانی پێشمەرگە و هێڵە بەرگرییەكاندا بكرێت و ئیجرائاتی پێویستیش وەربگیرێت لە بەرانبەر هەر جۆرە كەمتەرخەمییەك. پێویستە بە زووترین كاتیش تۆڵەی خوێنی شەهیدەكانمان لە دوژمن بكرێتەوە.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شەڕی دژی داعش و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان.
مسعود بارزانی
3ی كانوونی یەكەمی 2021