ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندوە، پارتی پرۆژەیەكی هەیە بۆئەوەی كورد بە یەكدەنگی بچێتە بەغدا، چونكە بەو شێوەیە بەهێزتر دەبێت، بۆیە بڕیارە پارتی و یەكێتی بە یەك پرۆژە بچنە بەغدا بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و ئەو شاندەی پارتی ئێستا لەبەغدایە بۆ راوێژكردن سەردانی كردوە.دكتۆر ئاراس حسۆ میرخان ئەندامی ئەنجومەنی سەركرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سایتی فەرمی پارتی وتوە، بەرنامەو پرۆژەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش ئەوە بوە كە كورد بە یەكدەنگی بچێتە بەغدا، چونكە لە چوار ساڵی رابردوودا بەهۆی نەبونی یەكدەنگییەوە زۆر كێشەیان بۆ دروستبوەو كۆمەڵێك پەرلەمانتار نەك هاوكار نەبون بگرە دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێم وەستان، بۆیە ئەمجارە دەیانەوێت لەقۆناغی یەكەمدا لەگەڵ یەكێتی و دواتریش لەگەڵ لایەنەكانی دیكە یەكڕیزی دروست بكەن، دەتوانن بەوشێوەیە بەهێزتر لەگەڵ لایەنەكانی عیراق گفتوگۆ و رێككەوتن بكەن.
دكتۆر ئاراس حسۆ میرخان وتوشیەتی: پارتی دیموكراتی كوردستان هەندێك هەنگاوی ناوە، دانیشتنی لەگەڵ لایەنەكان كردوەو بافڵ تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كردو ئێستا بڕیار وایە كۆبونەوەی دیكەش بكرێت و بەردەوام بێت تا بگەنە رێككەوتن، رای یەكێتیش لەسەر پڕۆژەكەی پارتی باش بوە.
بەشەکان
کوردستان