شاندی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعە کۆبوونەوە


 شاندی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی لەچوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە بەغدا، لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعە کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە لە نووسینگەی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی لە بەغدا بەڕێودەچێت.

لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھیشام روکابی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی کردەوە کە سەرکردەی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی لە نووسینگەی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی چاویان بە شاندی ھاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەوتووە.

چوارچێوەی ھەماھەنگیی ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقوق و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت.

ماوەی چەند رۆژێکە شاندی ھاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدایە و تا ئێستا لەگەڵ دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر و ھاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبوسی و ھاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر کۆبووەتەوە.

ئامانج لە سەردانەکەی شاندە ھاوبەشەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە بەغدا، بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.

أحدث أقدم

نموذج الاتصال