بڕیارە لەو سنوورانەی چەکدارانی داعش تێیاندا جووڵە دەکەن ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەڕێوە بچێت و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت، ئامادەکاریی پێشمەرگە و بەڕێوەبردنی چەند ئۆپەراسیۆنێک کاریگەریی لەسەر جووڵەی داعش کردووە.
لیوا محەمەد ڕۆستەم، جێگری میحوەری قەرەتەپە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەکدارانی داعش بە تەواوەتی لە سنووری ئێمە نەماون، ئەویش دوای ئەوەی ماوەکانی ڕابردوو داعش دەستی بە جووڵە کرد و چەند ھێرشێکی کردە سەر پێشمەرگە، چەندین ئۆپەراسیۆن لە سنووری میحوەری دوو بەڕێوە چوو و تۆنێل و شوێنەکانی داعش لەلایەن پێشمەرگەوە خاپوور کران و، ئێستا مەفرەزەکانی داعش بەرەو ناوچەکانی سلێمان بەگ و چیای حەمرین کشاونەتەوە و لە سنووری ئێمە نەماون.''
فەرماندەکەی پێشمەرگە دەڵێت: "پێشمەرگە بە ھاوکاریی ئاسایش و میحوەری سێ بە درێژاییی ٤٠ کم ئۆپەراسیۆنی دژی داعش بەڕێوە بردووە و ھەمووی ئەو ناوچانە پاک کراوەتەوە، دوایین ئۆپەراسیۆنیش لە کۆتا ڕۆژی ساڵی ڕابردوودا بوو، ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی دیکەش دەکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.''
لیوا محەمەد ڕۆستەم ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "سەنگەرەکانی پێشمەرگە زیاتر ئامادە کراون بەڕووی تیرۆریستاندا و پێشمەرگە ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھێرشێک و لیژنەیەک لە سەرۆکایەتیی ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی میحوەری ئێمەی کردووە بۆ ئەوەی سەنگەر زیاتر ئامادە بکرێت بۆ پاراستنی ھەرێمی کوردستان لە مەترسییەکانی تیرۆریستان و، ئامادەکاریی پێشمەرگە کاریگەریی ھەبووە لەسەر وەستانی ھێرش و جووڵەی داعش لە ھەموو سنوورەکان.''