کورد پێویستی بە سەرکردایەتی و کاریزمایی سەرۆک بارزانی هەیە.
باش بیرم دێت لە ۱۱ـی شوباتی ۲٠۱۱ بەدواوە، لە زۆنی شەلەقاو، بەردەوام "تۆ کورسی بەجێ بێڵە، ئێمە بە سکی برسی وانە دەڵێینەوە" بوو بە مۆدێل، ئیرهابی فیکری وای لەو خەڵکە گەیاند بوو، کە کۆی کێشەکان لە بوونی بارزانی لە پێگەی سەرۆکی هەرێمدا کورت بکەنەوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە لە سەردەمی بوونی سەرۆک بارزانی لە پێگەی سەرۆکی هەرێم، هەرێمی کوردستان لە ڕووی دیبلۆماسی و هێزەوە گەیشتبووە ترۆپک و کوردستان لە گەشەکردنێکی خێرا لەو ماوەیەدا توانی لە هەموو ڕوویەکەوە شان لە شانی وڵاتانی ناوچەکە بدات. تەنانەت ئاستی بژێوی و ژیانی خەڵک گۆڕانی باشی بەسەردا هات. سەرکردایەتی بارزانی و سەرپەرەشتی ڕاستەوخۆی جەنابیان لە پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش، بووە هۆی ئەوەی کە پێشمەرگە ببێتە یەکەم هێز کە بتوانێت جەبەڕوت و ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێت، و ببێتە هۆکاری سەرەکی کۆتایی هێنان بە داعش.
لە سەردەمی سەرۆکایەتی بارزانیدا هەرێمی کوردستان تا لێواری سەربەخۆیی ڕۆیشت، و ئەگەر خیانەتی خیانەتکاران نەبووایە، ئێستا کوردستانێکی بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دایک ببوو.
ئەو کات دەمانگوت: دەست بە بارزانییەوە بگرن سەرۆکایەتی هەرێم پێویستی بە بارزانییە، نەک بارزانی پێویستی بەو کورسییە هەبێت، کەچی وەک کەری دێز ئامادە بوون خۆیان بە هەلاک ببەن تەنها بۆ ئەوەی بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێم نەمێنێت.
ئێستا کە بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێم نەماوە، یەکێکە لە سەرکردە هەرە کاریگەرەکانی عێراقە، و بە شاهێدی سیاسەتمەدارە عێراقییە یار و نەیارەکان، بارزانی بڕیاردەرێکی سەرەکیی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقە و لە عێراقدا بارزانی خاوەن قسەی کۆتاییە، و بارزانی پێویستییەکی حەتمییە بۆ سەرکردایەتی کردنی تەواوی پێکهاتەکانی عێراق.
ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە سەرۆکایەتی هەرێم پێویستی بە بارزانی بوو نەک بە پێچەوانەوە. و بارزانی سەرکردەیەکی بێ هاوتا و دانسقەی کوردە کە ئەگەر تێکڕا پاڵپشتی لێ بکەن و لەژێر سەرکردایەتی جەنابیان خەبات بکەن، لە هەرچوار دەوڵەت دەگەن بە مافەکانی خۆیان، و هەنگاوی گرنگ دەچنە پێشەوە بۆ پێکەوەنانی ئەو کوردستانەی کە ئەمە زیاتر لە ٥٠٠ ساڵە لەسەر خاکی خۆیان خەونی پێوە دەبینن.